Page Nav

HIDE

Grid

GRID_STYLE
latest

هەمیشە بەهاری شارێک

 


سەرەتاکانی پایز بوو وردە وردە سەرماو سۆڵەو هەڵوەرینی گەڵای دارەکانو خەونەکانی گوڵشەن دەستی پێکرد، 
گوڵشەن کچێکی لێو بەخەندەو خۆشەویستی خێزانەکەی و هاوڕێکانی بوو، لەسەرەتاکانی تەمەنیدا ڕۆژێک بە دڵپاکیو بێئاگاییەوە پشتی نا بە دیواری ماڵەکەیانەوە، بێئاگا لەوەی ئەو دیوارەی پشتی پێدەبەستێت بۆ ڕەواندنەوەی ماندووێتیی قاچەکانی لەکار دەخات، 
گوڵشەن برینداربوو، برینێک کە لە جەستەو ڕۆحیدا ساڕێژبوونی ئەستەمە، پاشان گوڵشەن بردرایە نەخۆشخانەو دکتۆرەکان بە دڵتەنگییەوە پێیان وت بەداخەوە  چیتر ناتوانی بەقاچەکانت ڕێ بکەیت، لێرەوە خەمەکانی گوڵشەنو بێئومێدبوون دەستی پێکرد تا ڕۆژێک یادی لەدایکبوونی دەکردەوە کە لەلایەن خێزانو هاوڕێو خزمەکانیەوە کۆمەڵێک دیاری جۆراوجۆرو گوڵی ڕەنگاو ڕەنگیان بۆ گوڵشەن هێنابوو.
 لە پەنای هەستکردن بە متمانەو پاڵپشتیکردنی خێزانەکەی هەروەها هاتنی ئەو دیاری و گوڵانەی بۆیان هێنابوو لە ڕۆژی لەدایکبوونەکەی بیرۆکەی دانانی دووکانێکی گوڵ فرۆشتن دادەڕێژێتو لەپاش ۲۷ ڕۆژ لە بڕیاردان بۆ دانانی دووکانەکەی بڕیارەکەی جێبەجێکرد، دووکانێکی گوڵی سروشتی دانا ناوی لێنا "گوڵشەنی گوڵفرۆش"
لێرەوە هیواو ئاواتی گوڵشەن دووبارە چرۆی کردەوە، بە ورەیەکی پۆڵاینەوە دەستی پێکردوو وتی "خۆ ئەگەر نەتوانم لەچواردەورەکەم باشتر بم ئەتوانم وەک ئەوان بم" خەونی گەورەو هیوای گوڵشەن چاکبوونەوەی قاچەکانیەتی کە تەنها لە دەرەوەی وڵات چارەسەر دەکرێت و دەتوانێت بکەوێتەوە سەر قاچەکانی خۆی بە تێچویەکی زۆر کە لەتوانای گوڵشەندا نیە، ئامانجی سەرەکی بۆ دانانی دووکانەکەی دەستەبەری پێویستیەکانی ڕۆژانەیو پەیداکردنی ئەو بڕە پارەیە بۆ چاکبونەوەی قاچەکانی، سەربەرزانە بێئەوەی داوای یارمەتی لەکەس بکات لەکاتێکدا چەندین بەڵێنی چارەسەری پێدراوە لەلایەن بەرپرسانی حکومی و حیزبییەوە بەڵام خاوەنی بەڵێنی خۆیان نەبوون.
گوڵشەن تەنها خێزانەکەی هاوکاری نەبوون کاتێک دوکانە خنجیلانەو ڕەنگاوڕەنگەکەی دروست کرد بەڵکو دانیشتوانی شارۆچکەکەی بەناوی (سەید سادق) پێشوازییەکی گەرمیان لێکرد وە پاڵپشتێکی زۆر باشی بوون، وەک خۆی دەڵێت "پشتگیری چواردەورەکەم وایلێکردم سەختیو ڕێگرییەکان نەبینم سەرنجم لەسەر ئامانجو داهاتوم بێت"
گوڵشەنی ژیکەڵە بۆ زانیاری  لەسەر کارەکەیو فێرکردنی داوای هاوکاری لە هاوکاری گوڵفرۆش دەکات لە سلێمانی، بەدەمەوەهاتنو یارمەتیدانەکەی هاوکار وایلێدەکات کە گوڵشەن بەڵێنی ئەوە بدات یارمەتی هەرکەسێک بدات کە پێویستی بەم هەبێت 
گوڵشەنەکەی شار بەڵێنەکەی بردەسەر، یارمەتی چەندین کەسی تری دا بەدانانی دووکان لەهەمان پیشەی خۆی لە شارۆچکەکەی خۆیو دەرەوەیش وەک پارێزگای هەڵەبجەو قەزای پێنجوێن، دەستی گرتن تا ببنە خاوەن کاری خۆیانو پێویستیان بەکەس نەبێت، گوڵشەن ئێستا کچێکی پڕ وزەو ئومێدە بۆ خۆیو چواردەورەکەی، بۆنەو ئاهەنگەکان دەڕازێنێتەوە بەگوڵو دیارییە ناوازەکانی، بەهۆی جوانیو کوالێتی کاڵاکانی ڕۆژانە لە شارەکانی کوردستانو دەرەوەی کوردستان وەک وڵاتانی ئەوروپا داواکاری بۆ دێت گوڵشەنیش بەخۆشەویستییەوە کارەکەی پێشکەش دەکات.
هەروەک مەولانای ڕۆمی دەفەرموێت " ئومێدبوون بە خودا جوانی بەهەموو چاوەڕوانیەکان دەبەخشێت"

مەهدی لوقمان 
خوێندکاری زانکۆ