شاخەوان برایم عەبدوڵڵا
لە ئێران ناوە ناوە خۆپیشاندان و ناڕەزایی سەرهەڵدەدات و بەزوویی كپ دەكرێتەوە، دواتر ژمارەیەك خۆپیشاندەر و ناڕەزاییخواز دەستگیر دەكرێن و بە تۆمەتی نانەوەی پشێوی و تێكدانی دۆخی ئەمنی، دادگایی و دەخرێنە زیندانەوە.
لە چەند ڕۆژی ڕابردووشدا، بەهۆی دۆخی خراپی ئابووری و دابەزینی نرخی تمەن و پارەی ئێرانی بەرانبەر دۆلاری ئەمەریكی و دەیان جۆری دیكەی داواكاریی هاووڵاتییان، جارێكی دیكە شەپۆلێكی گەورەی خۆپیشاندانی ناڕەزایی ئەو وڵاتەی گرتەوە و ڕەنگە بە ئاراستەی توندوتیژیدا بچێت، لە ئەگەری درێژەكێشانی ناڕەزاییەكان و گۆڕانكاری لە ئاراستەكانیدا.
ئێران لە ناوچەكەدا وڵاتێكی گەورە و بۆ جیهانیش پێگەیەكی ستراتیژی هەیە، پێگە گرنگەكەی لە هاوكێشە سیاسی و ئەمنی و جوگرافی و سامانی سرووشتیدا حساب بۆ كراوە، سەرەڕای ئەوەش، دراوسێی ژمارەیەكی زۆری وڵاتانی ناوچەكەیە، وەك عێراق، توركیا، ئەرمەنستان، ئازەربایجان، ئەفغانستان، پاکستان، کەنداوی عومان، خاوەن سوپایەكی گەورەی سەربازییە و توانای ئیدارەدانی جەنگی هەیە بەتایبەتی دروستكردنی گرووپە چەكدارەكان.
لە ئێران، مافی مرۆڤ و ئازادییە كەسی و گشتی و دیموكراسییەكان لەژێر هێڵی هەژاریدان، بەڵام خەڵكەكەی تامەزۆری ئازادی و دیموكراسین، سەرەڕای ئەوەی خاوەن نەوت و سامانی سرووشتییە و ژمارەیەكی زۆری گارگەیشی هەیە، بەهۆی خراپ ئیدارەدانی وڵاتەكەوە، خەڵكەكەی لە هەژارییەكی سەختدا دەژین و هیچ دەرچەیەكی ئومێدیان بۆ نەماوەتەوە، یان جێهێشتنی وڵات یان خۆپیشاندان و ناڕەزایی سەرتاسەری "ئەگەرچی جارێ دیار نییە كەی ئەمە ڕوو دەدات" بەڵام ئەگەر دۆخەكە بەم جۆرەی بمێنێتەوە، ئەگەری ڕوودانی هەیە.
دەسەڵاتدارانی ئەو گەورەوڵاتە هێندەی خەریكی جەنگی سارد و گەرم و دنەدانی گرووپە چەكدارە ئیسلامییەكانن و ناپڕژێنە سەر ئەوەی خزمەتی وڵات و هاووڵاتییانیان بكەن، ئەمەیش بە تەواوەتی كاریگەرییەكانی لە شێوازی ژیانی خەڵكدا ڕەنگی داوەتەوە، بۆیە هەتا دێت، ئاستی ناڕەزاییەكانی خەڵك لە دۆخی كپبوونەوە بەرەو هەڵبڕینی دەنگی بەرز و زەنگی تەقینەوە دەچێت، دەكرێت نموونەیەك بێت بۆ عێراقیش كە نەوت و داهاتێكی زۆری هەیە، بەڵام خەڵكی عێراق لە هەژارییەكی سەختدان و مافەكانیان پێشێل دەكرێت، بۆیە بە هەمان شێوەی ئێران ناڕەزاییەكی زۆر لە ناخی عێراقییەكاندا هەیە، هاكە تەقییەوە.
سەبارەت بە دۆخی خۆپیشاندانەكانی ئێران و ڕێگریكردن لە هەر جۆرە توندوتیژیەك بۆ سەركوتكردنی ناڕەزاییەكان، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمەریكا هۆشداریەكی توندی دایە ئێران، ئەگەر توندوتیژی بەرانبەر خۆپیشاندەران بكرێت و خۆپیشاندەر بكوژرێت، ئەمەریكا فریای خۆپیشاندەرانی ئێران دەكەوێت، ترەمپ تەنانەت ئاماژەی بەوەش كرد ئەگەر تەقە لە خۆپیشاندەرانی ئاشتیخواز بكرێت، ئەوان واتە ئەمەریكا پڕچەكە و ئامادەی جووڵەیە.
ئەم هۆشدارییەی ترەمپ، ئاسایی نییە، بەڵكوو پاڵپشتیی ناڕاستەوخۆ و تەنانەت دنەدانی خۆپیشاندەرانیشە بۆ ئەوەی بەبێ ترس بچنە سەر شەقامەكان و دەسەڵاتدارانی ئێران ناچار بە گۆڕانكاری لە وڵاتدا بكەن، ئێرانییەكانیش دەزانن ئەگەر ترەمپ بیەوێت دەتوانێت ئەو یارییە بباتەوە، چونكە ئەمەریكایە و توانای بردنەوەی ئەو جۆرە یارییانەی لە ڕێگەی بەرزكردنەوەی ژمارە و ئاستی خۆپیشاندەرانەوە هەیە و وەك چەكێك لە دژی دەسەڵاتدارانی تاران بەكاری دەهێنێت.
ئێران بەوپێیەی دراوسێی عێراقە و عێراقیش تاڕادەیەكی زۆر لەژێر هەژموونی ئێراندایە، بۆیە ئەگەر دۆخی ئێران بەردەوام بێت و ناڕەزاییەكان فراوان ببن و بەری پێنەگیرێت، بۆی هەیە بگوازرێتەوە بۆ عێراقیش، چونكە ئەو كەرەستانەی ناڕەزایی لای عێراقییەكانیش هەن و تەنیا جووڵەكردنێك بەسە بۆ ئەوەی هاوشێوەی ئێران، عێراقییەكانیش بڕژێنە سەر شەقامەكانەوە. بۆیە هەرچی زووە دەسەڵاتدارانی عێراق دەبێت هاووڵاتییان ئاشت بكەنەوە و ئەو داهات و سامانە زۆرەی عێراق بە عەدالەتی بەسەر هاووڵاتییاندا دابەش بكەن و ئاستی خزمەتگوزارییەكان بەرز بكەنەوە و ڕێگری لە بەفیڕۆدانی پارە و گەندەڵی بكرێت، ئەگەر ئەمە نەكرێت، دۆخەكە لە عێراقیش باش نابێت.
ئیدی خەڵكی عێراقیش لەوە تێگەیشتن ئەو داهاتە زەبەلاحەی وڵات، ئەگەر بە باشی و بە عەدالەت بۆ دووبارە بونیادنانەوە و خزمەتكردنی خەڵكی بەكار بهێنرێت، دەتوانرێت وڵاتێكی پێشكەوتووی پێ دروست بكرێت، سەردەمی دروشم و قسەی باقوبریق نەماوە، خەڵكی عێراقیش گەیشتنە ئەو باوەڕەی دەبێت مافیان لە مووچە و داهاتی وڵاتدا هەبێت و باشتر خزمەت بكرێن و نابێت لەوە زیاتر پارەی زەبەلاحی عێراقییەكان چەند گرووپێكی سەركردە عێراقییەكان بە ئارەزووی خۆیان بەكاری بهێنن.
