کڵپەنیوز:
هۆشیار زێباری، ئەندامی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان رایگەیاند، پارتی هیچ هێڵێکی سووری لەسەر هیچ بەربژێرێک بۆ پۆستە باڵاکانی عێراق لەوانە سەرۆکوەزیران، سەرۆککۆمار و سەرۆکی پەرلەمان نییە و گوتیشی: "پێویستمان بە حکوومەتێکی بەهێز و بڕیاردەر هەیە."
رۆژی چوارشەممە، 26ی تشرینی دووەمی 2025 هۆشیار زێباری، ئەندامی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە کۆبوونەوەیەکی ئۆنلایندا بە ناونیشانی (هەڵبژاردنەکانی 2025ی عێراق: دواتر چی؟) کە لەلایەن پەیمانگەی (چاتام هاوس)ـوە رێکخرابوو، باسی لە دۆخی دوای هەڵبژاردنەکانی عێراق و هەڵوێستی پارتی کرد.
لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بەوەی ئایا پارتی ڤیتۆی لەسەر هیچ بەربژێرێک هەیە بۆ پۆستە باڵاکان، هۆشیار زێباری گوتی، "هەڵوێستی ئێمە ئەوەیە، ئێمە هێڵێکی سوورمان نییە. مامەڵە لەگەڵ هەر کەسێک دەکەین کە نوێنەرەکانیان هەڵیاندەبژێرن یان دەستنیشانی دەکەن."
هۆشیار زێباری گوتیشی، "بێگومان چوارچێوەی هاوئاهەنگی گەورەترین بلۆکە، ئەوان سەرۆکوەزیرانی داهاتوو هەڵدەبژێرن و بڕیاری لەسەر دەدەن. بێگومان رێزی ئەوە دەگرین."
ئەندامی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسیی پارتی جەختی لە پێویستیی بوونی حکوومەتێکی بەهێز کردەوە و گوتی، "بۆ عێراق، نەک هەر بۆ کوردستان، ئێمە پێویستیمان بە حکوومەتێکی بەهێز هەیە، حکوومەتێکی بڕیاردەر کە هەنگاو بنێت لەبارەی ئاڵنگارییەکان، خزمەتگوزارییەکان، ئاسایش، ئابووری و پرسی دارایی ساڵانە کە رووبەڕووی وڵاتەکە دەبێتەوە."
کۆبوونەوەکەی چاتام هاوس بۆ تاوتوێکردنی دەرئەنجامە سیاسی، حکوومی و کۆمەڵایەتییەکانی هەڵبژاردنی 2025ی عێراق بوو.
