کڵپەنیوز-ناوەندی هەواڵ:
پۆلیسی کەرکوک دەستگیرکردنی ئەنجام سامی مەغدید بکوژی ئیمان سامی یاخود (ماری سام)، ئەو کچەی شەوی یەکشەممەی ڕابردوو لەشاری هەولێر، لەلایەن براکەیەوە کوژرا، ڕاگەیاند.
لەڕاگەیاندراوێکدا، کە کۆپییەکی دەستی دەزگای دەنگ و باسی کڵپە کەوتووە، پۆلیسی کەرکوک ئاماژە بەوە دەدات،کە دوای ئەوەی زانیاری لەبارەی ڕۆیشتنی بکوژەکەی ماری بۆ پارێزگای کەرکوک پێگەیشت، هەوڵەکانیان چڕکردەوە و پاش چەند کاتژمێرێک لەتاوانەکە تواندرا لەڕێی مەفرەزەکانی هێزی پۆلیسی نەهێشتنی تاوانی کەرکوک و بەڕێوەبەرایەتی هەواڵگری و ئاسایشی سەربازی، کە لەچوارچێوەی پلانەکانی فەرماندەیی بارەگا ئۆپەڕاسیۆنە هاوبەشەکان لە پارێزگاکەدا کاردەکات، بکوژی (ماری سام) ژنە گەنجە ٢٠ساڵانەکەی هەولێر دەستگیربکەن، کە چەند کاتژمێرێک پێش ڕۆژی ژنان لەلایەن براکەیەوە لەپارێزگای هەولێر کوژرا.
ئەوەشخراوەتەڕوو، کە (عەمید کاوە غەریب) فەرماندەی پۆلیسی کەرکوک، بەتایبەتی سەرپەرشتی ئۆپەڕاسیۆنی دەستگیرکردنی بکوژەکەی کردووە و لەئێستادا لەهەوڵدان بۆ ڕادەستکردنەوەی بکوژەکە بەدەسەڵاتی دادوەری لە هەرێمی کوردستان.
درەنگانی شەوی یەکشەممەی ڕابردوو لەسەر شەقامی ١٠٠مەتری شاری هەولێر تەرمی ژنە چالاکوانێک بەناوی (ئیمان سامی)، کە بە(ماری سام) ناسراوە، دۆزرایەوە و دواتر باوکی و براکەی لەدوو ڕوونکردنەوەی جیاوازدا دانیان بەوەدانا، کە براکەی کوشتوویەتی و مامێکیشی لەکاتی کوشتنەکەدا، لەگەڵی دابووە.
ئـ،و