Page Nav

HIDE

Grid

GRID_STYLE
latest

کێ بەرپرسە لەشکستی کورد لەکەرکوک؟


ئاکام وەزیری:

سێ هەڵبژاردنە دانیشتووانی کوردی کەرکوک باجی هەڵەی حزب و لایەنە سیاسییەکانی کوردەکانی کەرکوک دەدەنەوە و گەرچی داخ لەدڵیش بن بەرامبەریان، بەڵام دەچنە سەرسندووقەکان لەپێناو سەلماندنی ناسنامەی کوردبوونی شارەکەیان دەنگ دەدەن.

لەهەڵبژاردنی پەڕلەمانی عێراق لەساڵی 2021، پێکهاتەی کورد لەکەرکوک بەدیاریکراوی 9,633دەنگی سوتا، کە 9,275دەنگی لەبازنەی یەکەم بوو، بەهۆیەوە کورد کورسییەکی بازنەکەی لەدەستدا و بۆ موهەیمەن حەمدانی کاندیدی سەربەخۆی پێکهاتەی عەرەبی سوننە چوو.

لەهەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق لەساڵی 2023، پێکهاتەی کورد لەکەرکوک بەدیاریکراوی 33,186دەنگی سوتا، بەهۆیەوە کورد کورسییەکی پارێزگاکەی لەدەستدا و بووە لەگەڵ پێکهاتەی مەسیحی ئنجا توانی نیوەی کورسییەکانی پارێزگاکە بەدەستبهێنێت.

لەم هەڵبژاردنەش دا ، کە رۆژی سێشەممە 11ـی تشرینی دووەمی 2025بەڕێوەچوو، بەپێی ئەنجامە بەراییەکان پێکهاتەی کورد 14,813دەنگی سوتاوە و بەو هۆیەوە کورسییەکی حەتمی یەکێتی نیشتمانی کوردستان و کورسییەکی کۆتای پارتی دیموکراتی کوردستانی لەدەستداوە.

کەواتە لەم هەڵبژاردنە کورد کورسییەکی لەپارێزگای کەرکوک بەبەراورد بەهەڵبژاردنی 2021ـی پەڕلەمانی عێراق لەدەستداوە و دوو کورسیشی بەبەراورد بەهەڵبژاردنی 2023ـی پارێزگاکانی عێراق لەدەستداوە.

لێرە پرسیارە جەوهەری و گرنگەکە ئەوەیە کێ بەرپرسە لەلەدەستدانی کورسییەکان و سوتاندنی ئەو دەنگانە؟!

بێ شک کوردانی کەرکوک بەرپرس نین لەو شکستە سیاسییەی کەرکوک و لەدەستدان و سوتاندنی دەنگەکانیان، بەڵکو ئەوە حزبە سیاسییەکانی کەرکوکن، کە بەرپرسیارییەتی ئەو شکستەیان دەکەوێتە ئەستۆ.

ئەوان، کە شەو و رۆژ خەریکی کڕینەوەی دەنگدەر و لایەنگر و کاندیدانی یەکتر بوون و هەوڵی سەرخستنی کۆتای مەسحییان دەدا، بێ ئاگابوون لەوەی، دەنگی حزبەکەیان و کاندیدەکانیان کەم دەکات، بۆیە دووچاری ئەم دۆخەی ئێستابوونەتەوە.

پێدەچێت حزب و لایەنە سیاسییەکانی کەرکوک شارەزای یاسای هەڵبژاردنەکە نەبووبێتن، چونکە لەکۆی 5لیستی کوردی لەکەرکوک، تەنها دوو لیستیان کورسییان بەدەستهێنا و سێ لیستەکەی دیکە دەنگەکانیان سوتا، بۆیە ئەگەر ئەو حزبانە لەیاساکە تێگەیشتبان، دەبوو هەموو هەوڵێکیان دابایە، تاوەکو ئەو سێ حزبە لەنێو لیستی دوو حزبە خاوەن کورسییەکەی کەرکوک جێکرابانایە.

تەماح و هەوڵدان بۆیەکەم بوون لەسەر ئاستی پارێزگاکە و پاشان عێراق و بردنی زۆرترین دەنگ لەلایەن سەرۆک لیستێکەوە، هەرچەندە ئەوە مافی ئاسایی خۆیەتی، بەڵام هۆکاربوو بۆئەوەی، کە ئەو سەرۆک لیستە بە96هەزار دەنگ دوو کورسی قورسی پارێزگاکه ببات، بەجۆرێک لیستی دووەمی پارێزگای کەرکوک، کە لیستێکی عەرەبییە بەهەمان 100هەزار دەنگ توانیویەتی 3کورسی ئاسایی ببات.

لەکۆتایی دا هۆکارێکی دیکەی شکستی کورد لەکەرکوک بۆململانێی حزب و لایەنەسیاسییەکانی هەرێمی کوردستان گواستنەوەی ململانێیەکەیان بۆناوجەرگەی کەرکوک و ناوچەجێناکۆکەکان دەگەڕێتەوە.

هەرچەندە من لێرەدا نامەوێت بەم بابەتە هیچ کەس بشکێنمەوە یاخود بابەتەکەم بۆشکاندنەوەی حزب و لایەنەکان بەکاربهێندرێت، بەڵام لام گرنگ بوو ئەو بابەتانە بخەمەڕوو، وەکو ئاماژەیەک بۆشکستی کورد لەکەرکوک.