هەڵمەت هۆشیار
بابەتی بێ ئاویی چەمچەماڵ رەشترین لەكەی نەبوونی خزمەتگوزارییە بە تەوێڵی حكومەتی هەرێمەوە، دەیان ساڵە ئەمشارە لەبەر كەم ئاوی دەناڵێنی تاكو ئێستا چەندین جار بەڵێندراوە و (هەر بەناو پارەی بۆ تەرخانكراوە) تاكو پرۆژەی ئاوی گۆپتەپە چەمچەماڵ جیبەجێ بكرێت.
ئیدارەی شار لە بری هەڵوێست ئەویش داواكارە، منیش داواكارم و خەڵك بە گشتی داواكارن، بەڵام دەپرسم بەو دەیان داواكارییەی (كە زیاتر لە سەرویی 50 نوسراوەوەیە) ئایا بەردێك خرایە سەر بەردێك، مەترێك بۆری راكێشرا، یەك لیتر ئاو گەیشتۆتە هیچ ماڵێك؟
ئەمە ئەوگرێ كوێرەیەیە تاكو ئێستا نەكراوەتەوە، لەسەر كاغەز بڕیاری خەرجكردن دەردەكرێت و لە حالێ حازردا هیچ دیار نییە، چاوی چاوەڕوانی وا تینی نامێنێ و دەبێت لە ئیدارەی شار بپرسین وئەوانیش وەڵامی جدیان هەبێت:
- كێ هۆكارە تاكو پرۆژەی ئاوی گۆپتەپە-چەمچەماڵ جێبەجێ نەكرێت؟
- بۆچی راستییەكان بە خەڵكی ناڵێن تاكو ئێمەش بزانن هەنگاوەكانی ئەم پرۆژەیە لە كوێ چەقیوە؟
- داننان بە شكستدا ئازایەتییەو پێویستە (شارەوانی، ئاو، قایمقام)ی چەمچەماڵ دان بە شكستی خۆیاندا بنێن لە ئەنجامدانی ئەو پرۆژەیەدا و داوای هاوكاری و دەستبار و فشاریی میللی لە خەڵكی قەزاكە بكەن.
- پێویستە ئیدارەی شار بە روونی و راشكاوی راستییەكان بۆخەڵكی بەیان بكەن و داوا بكەن لیژنەیەك دروست بکەن لە كەسایەتییەكان و پیاوانی ئاینی و نوێنەری هەموو حیزبەكان و سەرجەم چین و توێژەكان وە پێش خۆیانیا بخەن تاكو دەرگا بە دەرگا شوێنەكان بكوتن وهەموو ریگاو فشارێكی مەدەنی بگیرینە بەر بۆ ئەوەی ئەو پرۆژەیە ئەنجامبدرێت، تاكو تینوێتی چەمچەماڵ بشكێت، خۆراگری چەمچەماڵ بنوسرێتەوە نەك كەس و دەزگای دیكە.