ئەمریکا و هاوپەیمانان مۆڵەتی یەک مانگی بەپارتی و یەکێتی داوە بۆگەڕاندنەوەی وەزیری پێشمەرگە بۆسەر ئەرکەکەی و چارەسەر کردنی کێشەکانیان لەنێو وەزارەتی پێشمەرگە.
سەرچاوەیەک لەوەزارەتی پێشمەرگە ئاشکرای کرد، کە لەکۆبوونەوەی ڕۆژی پێنج شەممەی ڕابردووی سەرۆکایەتی هەرێم ماتیۆ مارکفارلن، فەرماندەی هێزەکانی هاوپەیمانان هۆکاری کێشەکانی ئێستای نێو وەزارەتی پێشمەرگەی بۆغیابی وەزیری پێشمەرگە گەڕاندەوە و داوای کرد لەماوەی یەک مانگی داهاتوودا وەزیری پێشمەرگە گەڕێندرابێتەوە سەر ئەرکەکەی و کێشەکانیش چارەسەر کرابێت.
وتیشی: "فەرماندەکەی هاوپەیمانان داوای کرد تەواوی ئەو بڕیارانەش هەڵبوەشێندرێتەوە، کە بەغیابی وەزیری پێشمەرگە دەرچوێندراوە و بووەتە هۆی ناکۆکی لەنێو وەزارەتی پێشمەرگە".
ماوەیەکە پەیوەندییەکانی نێوان پارتی و یەکێتی لەوەزارەتی پێشمەرگە گرژی تێکەوتووە و پارتی داوای هەڵوەشاندنەوەی سیستەمی 50 بە 50 دەکات و یەکێتیش ڕەتی دەکاتەوە، ئەو سیستەمە هەڵبوەشێندرێتەوە.
