Page Nav

HIDE

Grid

GRID_STYLE
latest

ڕادیۆی بی بی سی عەرەبی دوای ٨٥ ساڵ لە پەخشکردن داخرا و کرایە دیجیتاڵی.


د.ناسکە سعید
 ڕادیۆی بی بی سی عەرەبی یەکەم لقی زمانی بیانی بوو لە خزمەتگوزاری ئیمپراتۆریەتی بەریتانیا، کە لە ساڵی ١٩٣٢ دەستی کرد بە پەخشکردنی هەواڵ بۆ کۆلۆنیەکانی بەریتانیا بە زمانی ئینگلیزی.

یەکەم پەخشی وێستگەی عەرەبی کاتژمێر ٤:٤٥ خولەکی ئێوارە بە کاتی لەندەن لە ٣ی جەنیوەری ١٩٣٨ پەخشکرا، لە کاتێکدا ئەڵمانیای نازی و ئیتاڵیا پڕوپاگەندەیان لەسەر شەپۆلی ئاسمانی عەرەبی بڵاودەکردەوە سەبارەت بە بوونی بەریتانیا و بەرژەوەندییەکانی لە کەنداو و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

کەناڵی بی بی سی ڕووماڵی جەنگی جیهانی دووەم و شەڕەکانی نێوان عەرەب و ئیسرائیل و ڕاپەڕینەکانی فەلەستین و لەشکرکێشی بۆ سەر عێراق و ئەو ناڕەزایەتییە بەربڵاوانەی کرد کە لە ساڵی ٢٠١١ لە ناوچەکەدا ھەبوون.

 داخستنی ڕادیۆی بی بی سی عەرەبی و فارسی لە مانگی ئەیلولی ساڵ پار ڕاگەیەندرا کە لە چوارچێوەی پلانێک بۆ کەمکردنەوەی تێچوونەکان و گرنگیدان بە بەرهەمهێنانی ناوەڕۆکی دیجیتاڵی.

 نزیکەی ٣٨٢ کەس لە خزمەتگوزاری جیهانی بی بی سی کارەکانیان لەدەست دەدەن. کە ئامانجی پاشەکەوتکردنی 28.5 ملیۆن پاوەندە لە ڕێگەی راگرتنی ڕادیۆی عەرەبی و فارسی، ئەمەش بەشێکە لە هەوڵێکی فراوانتر بۆ پاشەکەوتکردنی ساڵانە 500 ملیۆن پاوەند.

 هەروەها خزمەتگوزاری جیهانی بی بی سی خزمەتگوزارییەکانی ڕادیۆیی، ئۆزبەک، هیندی، بەنگالی، چینی، ئەندەنوسیا، تامیل و ئوردو بەکاردەهێنێت و ھاوکات دەیانگوازێتەوە بۆ دیجیتاڵ.

فەرمانگەی دەرەوەی بەریتانیا پارەی خزمەتگوزاری جیهانی بی بی سی دابینکرد تا ساڵی ٢٠١٤ ئەویش بە پشتبەستن بە باج و ڕیکلام و پارەی حکومەت بۆ ئەوەی بەردەوام بێت.

 ڕۆژنامەنووسی میسری ئەحمەد کەمال سروور دوای زەنگی بەناوبانگی کاتژمێری بیگ بێنی کۆشکی وێستمینستەر، یەکەمین بولیتینی هەواڵی ڕادیۆکەی بە زمانی عەرەبی پێشکەش کرد.

 هەروەها ڕادیۆی عەرەبی بی بی سی بە ئاخاوتنی "هونا لەندەن"، یان "ئەمە لەندەنە" ناسرابوو، چونکە پێشکەشکارانی هەواڵ بەم وشەیە ھەواڵەکانیان دەستپێدەکرد.

 پلان هەیە ئەرشیفی ڕادیۆی عەرەبی بی بی سی بکرێتە شێوەی ئۆنلاین بۆ ئەوەی بخرێتە بەردەستی بیسەرانی.

 هەرچەندە وێستگەکە چیتر نامێنێتەوە، بەڵام ناوەڕۆک بە زمانی عەرەبی بەردەوام دەبێت لە بەرهەمهێنانی لە ڕێگەی پلاتفۆرمی دیجیتاڵییەوە.