Page Nav

HIDE

Grid

GRID_STYLE
latest

"کەناڵی کەرکوک دادەخرێت"


کڵپەنیوز:
ماڵپەرێکی نزیک لەپارتی دیموکراتی کوردستان هەواڵی داخستنی کەناڵی کەرکوکی زمانحاڵی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لەشاری کەرکوک بڵاوکردەوە و دەزگای کڵپەش زانیاری لەوبارەیەوە دەخاتەڕوو.

بەپێی هەواڵێکی ماڵپەڕی وشەی نزیک لەپارتی دیموکراتی کوردستان، کە لەسەر زاری چەند کارمەندێکی کەناڵی کەرکوک بڵاوی کردووەتەوە، باس لەوەدەکات، کە لەلایەن ئاسۆ مامەند لێپرسراوی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لەسنووری هەردوو پارێزگای کەرکوک و سەڵاحەدین، ئاگادارکراونەتەوە، کە بەمنزیکانە کەناڵی کەرکوک دادەخرێت و بەشێک لەکارمەندانی کەناڵەکەش دەگوازرێنەوە بۆ مەڵبەند و کۆمیتەکان و وەکو کادیری حزبی ئەرکیان پێدەسپرێدرێت.

کڵپە بۆڕاستی ئەو هەواڵە بەدواداچوونی کرد و سەرچاوەیەک لەکەناڵەکە ڕایگەیاند، داخستنی هەواڵی کەناڵی کەرکوک دوورە لەڕاستییەوە، بەڵکو ئەوەی هەیە کەناڵەکە بەمنزیکانە دەستدەکات بەچاکسازی لەنێو کارمەندانی و ئەو کارمەندانەی زیادبن لەسەر میلاکی کەناڵەکە لادەبرێن و دەخرێنە سەر میلاکی کۆمیتە و مەڵبەندەکانی کەرکوک.

گوتیشی: "بەمنزیکانە بارەگای سەرەکی کەناڵی کەرکوک لەگەڕەکی ئیسکانەوە دەگوازرێتەوە بۆنیو بینای بارەگا نوێیەکەی بەشی ڕاگەیاندنی مەکتەبی سیاسی یەکێتی لەگەڕەکی شۆراو.

دەنگۆی داخستنی کەناڵی کەرکوک بابەتێکی نوێ نیە و لەماوەی چەند مانگی ڕابردووشدا یەکێتی بڕیاری داخستنی ئەو کەناڵەی دەرکرد، بەڵام دواتر بەهەوڵی کارمەندانی کەناڵەکە یەکێتی بڕیارەکەی هەڵوەشاندووەتەوە.

دەزگای میدیایی کەرکوک لە کەناڵێکی ئاسمانی دوو کەناڵی ناوخۆیی و ڕادیۆیەک پێکدێت و لە ٢٠ـی ئاداری ساڵی ٢٠٠٤ دەستی بەپەخش کرد و ساڵی ٢٠١١ لەلایەن مام جەلال تاڵەبانی سکرتێری کۆچکردووی یەکێتی بڕیاری بەئاسمانی کردنی کەناڵەکە دەرکرا و لە٣ـی ئەیلولی هەمان ساڵ کەناڵەکە وەکو یەکەمین کەناڵی کوردی ئاسمانی لەشاری کەرکوک دەستی بەپەخشی ئاسایی بەرنامەکانی کرد.

ئـ،و