کڵپەنیوز-ناوەندی هەواڵ:
بافڵ تاڵەبانی هاوسەرۆکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە ساڵیادی هەڵبژاردنی مام جەلال وەک یەکەمین کورد بە سەرۆک کۆماری عێراق پەیامێک بڵاوکردەوە و گوتی: "ئەمڕۆ بە شکۆ و شانازییەوە یادی هەڵبژاردنی سەرۆک مام جەلال وەک یەکەم سەرۆککۆماری کورد لە مێژووی عێراق دەکەینەوە".
لەپەیامەکەی دا، کە لەپێگەکانی خۆی لەسۆشیاڵ میدیا بڵاوی کردووەتەوە، تاڵەبانی کوڕ ڕاگەیاند، لای هەمووان روونە ئێستا عێراق بە دۆخێکی سیاسی نەخوازراودا تێدەپەڕێت و نەبوونی دیالۆگێکی نیشتمانیی و بەرپرسیارانە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و دۆزینەوەی رێگەچارەیەک بۆ زاڵبوون بەسەر گرفتەکاندا، دەرخەری ئەو راستییەیە و ئاماژەیەکی روونە کە ئێستا لە هەمووکات زیاتر پێویستمان بەو سیاسەتە حەکیمانەیەیە کە مام جەلال پەیڕەوی دەکرد لەپێناو سەرکەوتنی پرۆسەی سیاسی لە عێراق و قووڵکردنەوەی گیانی تەبایی و پێکەوەژیان.
دەشڵێت: "رووداوەکانی ئەم دواییەی عێراق و کوردستان زیاتر شاهیدی ئەو راستییە دەدەن کە ئەو بۆشاییەی کۆچی دوایی مام جەلال دروستیکرد بە ئاسانی پڕ نابێتەوە و تەنها رێگەش بۆ زاڵبوون بەسەر گرفتەکاندا، گەڕانەوەیە بۆ سیاسەتی حەکیمانەی مام".
وتیشی: "لەم رۆژە مێژووییەدا جارێکیتر بەڵێن و وەفاداری بەرامبەر بیروباوەڕ و رێبازە پیرۆزەکەت دووپات دەکەینەوە. خەمی خەڵک و دابینکردنی ژیانێکی شەرەفمەندانە بۆ هاووڵاتییانمان دەکەینە بنەمای کارکردنمان و بەهیچ شێوەیەک سازش لەسەر مافەکانیان ناکەین، بەردەوامی بە هەوڵەکانمان دەدەین لە پێناو قووڵکردنەوەی رۆحی تەبایی و پێکەوە ژیان لەنێوان سەرجەم نەتەوە و پێکهاتەکان، وەک هەمیشە گفتوگۆ و لێکتێگەیشتن ستراتیژی کارکردنمان دەبێت و بەرگری لە بەها مرۆیی و دیموکراسییەکان دەکەین".
لەڕۆژێکی وەکو ئەمڕۆ و لەساڵی ٢٠٠٥دا مام جەلال تاڵەبانی وەکو یەکەمین کورد لەمێژووی عێراقدا بەسەرۆک کۆمار هەڵبژێردرا و ماوەی دوو خول سەرۆک کۆمار بوو، لەو ماوەیەدا عێراقییەکان بەدڵی ئارامی عێراق و پارێزەری ئاشتی عێراقیان ناساندووە.
ئـ،و
