کڵپەنیوز-ناوەندی هەواڵ:
دوێنێ سێ شەممە دادگای کەرکوک بڕیاری کۆتایی لەبارەی دۆسیەی کوشتنی خانمە وەرزشوانێکی کوردی شاری کەرکوکی دەرکرد و دوو کەسی وەکو تاوانباری سەرەکی و بەشداربوو لەڕووداوەکە سزادا.
پەیامنێری دامەزراوەی ڕۆژنامەوانی و هەواڵی کڵپە لەکەرکوک، لەزاری سەرچاوەیەکەوە ڕایگەیاند، دوێنێ سێ شەممە دادگای کەرکوک جارێکی دیکە لەبارەی دۆسییەی کوشتنی (میدیا فەیزوڵڵا) خانمە وەرزشوانی بەرزکردنەوەی قورسایی دەرکرد و دوو کەسی تۆمەتباری وەکو تاوانباری سەرەکی و بەشداربوو لەتاوانەکە سزادا، کەئەوانیش هەریەکە لە حەکیم شەمسەدین و برای هاوسەری میدیا فەیزوڵڵا و محمد مەدریدی هاوکاری تاوانباری سەرەکی تاوانەکە بووە.
هەردوو تاوانباری بەشداربوو لەتاوانەکە یاریزانی تۆپی پێ بوونە و حەکیم یەکێک بووە لەباشترین یاریزانەکانی تۆپی پێ لەسەر ئاستی کەرکوک و هەرێمی کوردستان و یاری بۆیانەکانی خاک و دهۆک و کۆیە و پێشمەرگەی سلێمانی کردووە و دادگا بڕیاری لەسێدارەدانی بۆدەرکردووە و وەکو تاوانباری سەرەکی ڕووداوی کوشتنەکە ناساندوویەتی و هاوکات محمد مەدریدیش وەکو یاریدەدەری تاوانبار ناساندوویەتی و سزای سێ ساڵ سزیندانی بەسەردا سەپاندووە.
لەهاوینی ساڵی ڕابردوو لەگەڕەکی کوردستانی شاری کەرکوک تەقە لەماڵی محمد شەمسەدین یاریزان و پاڵەوانی یاری بەرزکردنەوەی قورسایی لەسەر ئاستی وڵاتانی ئاسیا و خۆرهەڵاتی ناوەڕاست کرا و بەهۆیەوە میدیا فەیزوڵڵا خانمە یاریزانی بەرزکردنەوەی قورسایی و هاوژیانی محمد شەمسەدین و کچێکی بەرکەوتن و بەهۆیەوە دەست بەجێ میدیا فەیزوڵڵا گیانی سپارد.
ئـ،و
