ئاشنا ئەسوەد-میدیاکار
جەلال شێخ حیسامەدین ناسراو بە مام جەلال پێش بوونی بەسەرۆک کۆماری عێراق یەکێک بووە لە سیاسی و دیبلۆماسی و ڕۆژنامەنوسە دیارەکان، وە نوسەرێکی ناوداریش بووەو بەشێوەیەکی کاریگەر بەشداری لە بزوتنەوەی سیاسی عێراق و بزوتنەوەی سیاسی کوردی کردووە، لەم بوارەشدا چەندین کتێبی لەسەردەمی جیاجیادا نوسیووە.
مام جەلال، لە ٦ـی نیسانی ساڵی ۲۰۰٥، دەنگی ۲۲۷ ئەندامی کۆمەڵەی نیشتیمانی عێراقی بەدەستهێنا و بە هەڵبژاردنێکی ڕاستەوخۆ بەیەکەمین سەرۆکی هەڵبژێردراوی عێراق هەڵبژێردرا بەم شێوەیە مام جەلال چووە ناو مێژووی سیاسی و دیموکراسی جیهانەوە.
لە زۆربەی پشووەکاندا، ڕاستەوخۆ مام جەلال دەچووە کەرکوک و لە میوانخانەیەک پشووەکەی بەسەردەبرد لە دۆخ و گوزەرانی کەرکوکیەکانی دەکۆڵیەوە هەمیشە پاڵپشتی سەرجەم پێکهاتەکان بووە بەبێ جیاوازی، کاری بۆ ئەوە کردووە کەرکوک بکاتە شاری برایەتی کورد و عەرەب و تورکمان و کلد و ئاشوری.
لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفیزیۆنیدا مام جەلال باسی لەوەکردووە کە کەرکوک قودسی کوردستانە و هی ئەوە، دەشڵێت "یان کەرکوک و خانەقین یان تا ماوین دەجەنگین ئەوە دروشمی پێشمەرگەیە، من لە هەر پۆستێکبم هەوڵی بۆ دەدەم و من بە ئەسڵ کەرکوکیم".
کەرکوک بەلای مام جەلالەوە هەم نیشتیمانی بووە و هەم شەخسیش، لە گرتەیەکی ڤیدیۆیدا مام جەلال دەڵێت " بەدڵ قسەیەک دەکەم تا برا عەرەبەکان تێبگەن کە چەند بەلای ئەوانەوە قودس موهیمە ئەوەندەش بەلای ئێمەوە کەرکوک گرنگە چەند لای ئەوان قودس موقەدەسە ئەوەندەش کەرکوک موقەدەسە.
لە ساڵی ۲۰۰۲ سەرۆک مام جەلال لە کۆبوونەوەیەکی جەماوەری گەورە هاواریکردوو وتی "دیکتاتۆرەکانی بەغدا پێیان وایە کە بەهەڵواسینی ۲۸۸ ڕۆڵەی کەرکوک دەتوانن ئاگری بابەگوڕگوڕ دابمرکێننەوە بەڵام خەیاڵیان خاوە، نەتەوەی کورد نەتەوەیەکی زیندووی تێکۆشەری کۆڵنەدەرە، هەتا کوردێک مابێت کەرکوک شاری کوردستانە، من پێم وایە کوردستان واز لە هەموو شوێنێک دەهێنێت بەڵام کوردێک نیە تاکە کوردێکی بەشەرەف نیە واز لە کەرکوک و ناوچەی کەرکوک هەڵبگرێت.
مام جەلال سنورەکانی شەنگال و تەلەعفەر و زوومار و شێخان تا خانەقین و مەندەلی و بەدرەو جەسانی وەک سنوری خاکی کوردستانی ناوبردووە، وتوویەتی "سنوری ئێمە سنوری باب و باپیرانمان سنوری خاکی کوردستان بێ ئەوەی چاومان لە بستێ خاکی کەس بێت چیای حەمرینە تا حەمرین مابێت سنوری خاکی کوردستان دەبێت، چونکە کلیلی چارەسەری مەسەلەی کورد کەرکوکە و فەقەد کەرکوکە و هەر کەرکوکیشە".
