Page Nav

HIDE

Grid

GRID_STYLE
latest

نوێنەرانی کورد لە کەرکوک هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکەی ڕاکان جبوری بەدەستکەوتی خۆیان دەزانن



کڵپەنیوز-ناوەندی هەواڵ:
وەک هەمیشە نوێنەرانی لایەنە سیاسییە کوردییەکانی کەرکوک هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکەی ڕاکان جبوری بەدەستکەوتی خۆیان دەزانن و بانگەشەی ئەوە دەکەن، کە ئەوان نوێنەری ڕاستەقینەی کەرکوکن.

دوای ئەوەی ئەمڕۆ، نوسراوێکی ڕاکان جبوری پارێزگاری بەوەکالەتی کەرکوک، بڵاوکرایەوە و تیایدا ئاماژەبەوەدرابوو، کە ماوەی سێ کاتژمێر بۆلایەنە سیاسییەکانی کەرکوک دیاری کراوە، بۆمەراسیمی کردنەوەی ئاگری نەورۆز لەڕۆژی ٢٠ـی مانگ.

پاش چەند کاتژمێرێک، جبوری لەبڕیارەکەی پەشیمان بووەوە و نوسراوێکی نوێی بڵاوکرایەوە، کە تیایدا بڕیاری دیاری کردنی ماوەی سێ کاتژمێر، بۆمەراسیمی کردنەوەی ئاگری نەورۆزی هەڵوەشاندووەتەوە و لایەنە سیاسییە کوردییەکانی ئاگادارکردووەتەوە، کە ئازادن کەی و لەکوێ ئاگری نەورۆز دەکەنەوە و هەریەکە لەیەکێتی و پارتی و نەوەی نوێ هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکە بەدەستکەوتی خۆیان دەزانن.

یەکێتی، کە هەردوو نوسراوەکەی ئیدارەی پارێزگای کەرکوکی ئاراستەکراوە، لەدوای هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکەی جبوری لەڕێی میدیاکانییەوە بڵاوی کردەوە، کە ئەو بڕیارەی ڕاکان جبوری بەهەوڵی ئاسۆ مامەند سەرپەرشتیاری ئەنجوومەنی سەرکردایەتی کەرکوک-سەڵاحەدینی یەکێتی نیشتمانی کوردستان ڕاکان جبوری ناچار بەهەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکەی کراوە.

پارتی، کە خاوەنی پۆستی جێگری دووەمی سەرۆکی پەڕلەمانی عێراقە و ئەو پۆستەش بەنوێنەرێکی ئەو حزبە لەشاری کەرکوک دراوە، لەڕێی دوو پەیامی دکتۆر شاخەوان عەبدوڵڵا جێگری دووەمی سەرۆکی پەڕلەمانی عێراق و نەجوە حەمید کاکەیی نوێنەری بازنەی دووەمی پارێزگای کەرکوک لەسەر پشکی پارتی لەپەڕلەمانی عێراق، بڕیارەکەی پارێزگارە بەوەکالەتەی کەرکوک ڕەتدەکاتەوە و ئاماژە بەوەدەدات، کە بڕیارەکەی جبوری دژی دەستورو یاسایە و هیچ کەس و لایەنیک بۆی نییە نەئاهەنگی نەورۆز و نە هیچ بۆنەیەکی نەتەوەیی یان ئاینی راگرێت یان چوار چیوەیەکی بۆ دانێت.

هەرچی نەوەی نوێیە، کە یەکەمین لایەنی سیاسی کوردی لەدەرەوەی پارتی و یەکێتی بتوانێت لەکەرکوک نوێنەرێکی بنێرێتە پەڕله‌مانی عێراق، لەڕێی تاکە نوێنەرەکەی کەرکوکەوە، کە ئومێد محمدی پەیامنێری پێشووی کەناڵی ئێن ئاڕتییە لەشاری بەغدا، لەسەر بڕیارەکەی جبوری بەهەمان شێوی پارتی و یەکێتی هاتەدەنگ و هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکەشی بەدەستکەوت ناوبرد و ڕایگەیاند، دوای ئەوەی کارە نایاسایەکانی پاریزگاری کەرکوکیان گەیاندووەتە نوسینگەی موستەفا کازمی،پاریزگاری کەرکوک بڕیاری سنوردارکردنی ئاهەنگەکانی نەورۆزی لە شاری کەرکوک هەڵوەشاندەوە.

دەشڵێت: "کارە گرنگەکە ئەوەیە، کە هەڵوەشایەوە، بەڵام
بڕۆن سەیری پەیج و ئاکاونتی فەرمی هەموو فراکسیون و پەرلەمانتارە کوردەکان بکەن بزانن کامیان ناڕەزایەتیان دەربڕیوە  جگە لە نەوەی نوێ ،دوای بڕیارەکەی پاریزگار؟".

ئەوەشی خستووەتەڕوو، کە ئەوان خۆیان دەزانن چی دەکەن و کاری دیکەش دەبینن و خزمەتەکانی نەوەی نوێ بەردەوام دەبیت. وە حیزبەکانی تریش با سەیری نەوەی نوێ بکەن، چییان کرد با بیکەن بە دەستکەوتی خۆیان.

ئـ،و