کڵپەنیوز-ناوەندی هەواڵ:
عەبدوڵڵای کوێخا موبارەک کەسایەتی دیاری هەرێمی کوردستان و لایەنگری پارتی دیموکراتی کوردستان پەیامێکی لەبارەی کۆنفڕانسە ڕۆژنامەوانییەکەی ئەمڕۆی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڵاوکردەوە و داهاتی نەوتی بەڕوون و ئاشکرا ناوبرد.
لەپەیامەکەدا، عەبدوڵڵای کوێخا موبارەک دەڵێت: "بەڕێز مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان زۆر بە ڕاشکاوی داهاتی نەوتی خستۆتەڕوو، کە %7 بۆ دانەوەی قەرزەکان و 43% بۆ كۆمپانیاكانی بەرهەمهێنانی نەوت و 9% بۆ كرێی گواستنەوە و 41%بۆ دابینکردنی مووچەیە واتا ئەگەر داهاتی مانگێكی نەوت (ملیارێك) دۆلار بێت، ئەوا بۆ خەرجی كۆمپانیاكان 430 ملیۆن دۆلار و بۆ دابینكردنی موچە 410 ملیۆن دۆلار و بۆ دانەوەی قەرز 70 ملیۆن دۆلار و بۆ كرێی گواستنەوە 90 ملیۆن دۆلار".
عەبدوڵڵا ڕووی دەمیشی کرده ئۆپۆزسیۆن و داوای کرد بێدەنگ نەبن و بیسەلمێن، کەچۆن داهاتی کوردستان ناشەفافە و داوایشی کرد، کە ئەگەر قسەیەکیان نیە لەسەر ئەو بابەتە، ئەوا چیتر خەڵک چەواشە نەکەن و چیتر پێویست نیە خەڵک گوێیان لێبگرێت.
پەیامەکەی عەبدوڵڵای کوێخا موبارەک لەکاتێکدایە ئەمڕۆ سەرۆکی حکومەت لەسەر پرسی نەوت و کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغدا لەکۆنفڕانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ئەنجامدا و بڕی پارە و داهاتی نەوتی خستەڕوو.