کڵپەنیوز-ناوەندی هەواڵ:
بافڵ تاڵەبانی هاوسەرۆکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان پەیامێکی بەبۆنەی یادی ٣١ساڵەی ڕاپەڕینی بەهاری ساڵی١٩٩١ـی گەلی باشوری کوردستان پەیامێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت دۆخەکە گەیشتووەتە ئاستێک، کە بگوترێ "راپەڕینمان نەکرد بۆ ئەوەی دۆخەکە بەمشێوەیەی لێبێت".
لەپەیامەکەی دا، بافڵ تاڵەبانی، وێڕای پیرۆزبایی کردن لە گەلی هەرێمی کوردستان بە بۆنەی یادی پیرۆزی راپەڕینە مێژووییەکەی بەهاری ساڵی١٩٩١ـی گەلی باشوری کوردستان، ڕایشیگەیاندووە، کە شانازی بە خەبات و خۆڕاگری خەڵکی کوردستانەوە دەکات و سوپاسی پشوودرێژیان دەکات.
لەدرێژەی پەیامەکەی دا هاوسەرۆکەکەی یەکێتی دەشڵێت: "راپەڕینی کورد وەستانەوە بوو بەرامبەر نادادی و ستەم، هەوڵدان بوو بۆ گەیشتن بە ژیانێکی سەرفرازانە و شەرەفمەند و شەهیدەکانمان خوێنی خۆیان لەپێناو داهاتوویەکی پرشنگدار و سەقامگیر بۆ خەڵکی سەربەرزی کوردستان رشت. بەڵام بەداخەوە هەڵە و کەموکورتی لەنێو جومگەکانی حکومڕانی، خراپ بەکارهێنانی دەسەڵات، پشتکردنە داخوازییە رەواکانی خەڵکی خۆشەویستی کوردستان و نەبوونی خزمەتگوزاری، نیگەرانی هاووڵاتییانی گەیاندووەتە شوێنێک کە بوترێت (راپەڕینمان نەکرد بۆ ئەوەی دۆخەکە بەمشێوەیەی لێبێت)".
پەیامێکی توندیشی ئاراستەی دەسەڵاتی سیاسی هەرێمی کوردستان کرد و ئاماژەی بەوەداوە، کە دەبێت ئەمە ئاماژەیەکی مەترسیدار و راچڵەکێنەر بێت بۆ دەسەڵاتدارانی کوردستان، کە شانازی و سەروەرییەکانی رابردوومان نەکەنە قوربانیی ململانێی تەسکی حیزبایەتی و دەبێت ئامانجەکانی راپەڕین بەدیبهێنین و خەونەکانی لەبار نەبەن و ئەوەشی گووتووشییەتی: "بێباکی بەرامبەر داواکارییە رەواکانی خەڵک دەرئەنجامێکی دەبێت، کە هەرگیز هیوامان بۆ نەخواستووە".
لەکۆتایی پەیامەکەشی دا کوڕە گەورەی مام جەلال دانی بە کەموکوڕییەکانیان داناوە و دەڵێت: "دەزانین کەموکورتیمان هەبووە و هەموو داواکارییەکانی خەڵک رەوایە و لەجێگەی خۆیدایە، بەڵام بەڵێنتان پێدەدەین یەکێتی خوێنی شەهیدان، تێکۆشان و خۆڕاگری خەڵک لەبیر ناکات، بەرامبەر ئەم ئەرکە مێژوویی و نیشتمانییە وەفادار دەبێت و لە خەبات بۆ ژیانێکی ئارامتر بەردەوام دەبێت، رەخنە و گلەییەکانتان وزەمان پێدەبەخشێت و هەموومان پێکەوە ئەو خەونە بەدیدەهێنین کە راپەڕینمان بۆ کرد".
لەپەیامەکەی بافڵ تاڵەبانی لهکاتێکدایە، دوای ٣١ساڵ لەڕاپەڕین هێشتا دەسەڵاتی کوردی نەیتوانیوە بەپێی پێویست خزمەت بەهاوڵاتیانی بکات و کێشە و گرفتە سەرەتاییەکانی ژیانیان بۆچارەسەر بکات.
ئـ،و