کڵپەنیوز-ناوەندی هەواڵ:
دوای ئەوەی کەمێک پێش ئێستا پەیامنێری کڵپە لەکەرکوک ڕایگەیاند لەسەرۆکایەتی زانکۆی کەرکوک بڕیاردراوه ڕێگری لەو خوێندکارانە بکرێت بچنە نێو زانکۆ، کەپۆشاکی کوردیان پۆشیوە، جێگری دووەمی سەرۆکی پەڕلەمانی عێراق هاتە دەنگ و ڕایگەیاند، لەهیچ کەس قبوڵ ناکەن، کە ڕێگری لەکلتور و زمانی کوردی بکات.
لەلێدوانێ تایبەت بەدەزگای ڕۆژنامەوانی کڵپە، دکتۆر شاخەوان عەبدوڵڵا جێگری دووەمی سەرۆکی پەڕلەمانی عێراق ئاشکرای کرد، کە ئەو ئاگادار نەبووە لەزانکۆی کەرکوک ڕێگری لەخوێندکارانی کورد دەکرێت بەپۆشاکی کوردییەوە بچنە نێو زانکۆ.
وتیشی: "قبوڵ ناکەین لەهیچ کەسێک ڕێگری لەکلتور و زمانی کوردی بکات و خۆم پەیوەندی بەسەرۆکی زانکۆی کەرکوک بەوەکالەت دەکەم بۆئەوەی ئەو کێشەیە چارەسەر بکرێت".
ئەمڕۆ ڕۆژی پۆشاکی کوردییە و ساڵانە هاوڵاتیانی کورد بەپۆشینی پۆشاکی کوردی ئەو ڕۆژە بەرز ڕادەگرن و لەدوای ڕووداوەکانی شانزەی ئۆکتۆبەریشەوە ساڵانە سەرۆکایەتی زانکۆی کەرکوک ڕێگربووە لەوەی خوێندکاران پۆشاکی کوردی بپۆشن.
ئـ،و