Page Nav

HIDE

Grid

GRID_STYLE
latest

کۆبوونەوەی حزبە کوردییەکانی کەرکوک کۆتایی پێهات

 


کڵپەنیوز-ناوەندی هەواڵ:

ئەمڕۆ حزبە کوردییەکانی کەرکوک کۆبوونەوەیەکیان بۆئەنجامدانی مەراسیمی نەورۆز و یادی ڕاپەڕینی کەرکوک ئەنجامدا و بەیاننامەیەکیان بڵاوکردەوە.


دەقی بەیاننامەکە....


جەماوەری بە ئەمەکی کوردستان..!

کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان..!

کەرکوكییە خۆڕاگرەکان..!


خوشک و برایانمان لە نەتەوە و پێکهاتەکانی دیکەی کەرکوک..!


نەورۆز، و راپەڕین، و رزگارکردنی کەرکوکتان باش...


ئەمڕۆ هەموومان پێکەوە، لەسەر قەڵای دێرینی کەرکوکەوە.. بە جلوبەرگی ئاڵ و واڵای نەتەوەیی و ئاڵای کوردستانەوە.. جەژنی نەورۆز و یادی راپەڕین و (31)مین ساڵەی رزگارکردنی شاری کەرکوک پیرۆز دەکەین، کە بۆ یەکەمین جار لە مێژوویی بزووتنەوەی رزگاریخوازیی گەلی کورددا لە بەهاری ساڵی (1991) ئەم شارە بە پشتیوانی خەڵکی دلێر و خۆڕاگری کوردستان و هێزی پێشمەرگە؛ ئازاد کرا و دەسەڵاتە فاشیست و ستەمکارەکەی بەعسیان راماڵی، و ئێوارەی (20)ی ئادار (خەڵک و پێشمەرگە) بە یەکەوە زەماوەندی سەرکەوتنی (راپەڕین) و (رزگارکردنی کەرکوک) و (جەژنی نەورۆز)یان گێڕا.. بە رزگارکردنی کەرکوکیش، راپەڕینی ساڵی (1991) تاجی سەرکەوتنی لەسەرنا.


جگە لەوەی (نەورۆز) بۆنەیەکی مێژووییە، هاوکات هێمایەکیشە بۆ بە گژداچوونەوەی نادادیی و ستەمکاری و زۆرداری، نەورۆز لە ژیانی کۆمەڵایەتیی و سیاسی و فەرهەنگی خەڵکی کوردستاندا بریتییە؛ لە ئاشتی و ئازادیی و خۆشەویستی و یەکتر قبوڵکردن و رێزگرتن لە سروشت و جوانییەکانی.


جەماوەری خۆشەیست و کۆڵنەدەری کەرکوک..!


لە کاتێکدا ئەم ساڵ جەژنی نەورۆز و یادی (31) ساڵەی راپەڕین و ئازادکردنی کەرکوک دەکەینەوە، هەم ناوچەکە و عیراق، هەم ئاڵنگارییەکانی بەردەم پڕۆسەی سیاسیی لە هەڵکشاندایە، تا دێ پەیوەندی نێوان لایەنە سیاسییەکان بە دۆخێکی نا سروشتیدا تێدەپەڕێ، هەروەها (پێک-نەهێنانی) حکومەتی نوێی عیراقیش، یەکێکی دیکەیە لەو ئاڵنگارییانەی کە رووبەڕووی پڕۆسەی سیاسی عیراق بووەتەوە، و هەروەها گرفتی جددیشی لە سەر خواست و مافە دەستووری و یاساییەکانی خەڵکی کوردستان و کەرکوک و ناوچە جێناکۆکەکان درووست کردووە.


ئەم بۆنەیە بە دەرفەتێک دەزانیین تێیدا جەخت بکەینەوە؛ لە جێبەجێ کردنی تەواوی بڕگەکانی مادەی (140)ی دەستوور کەزامنی پێکەوەژیانی سەرجەم پێکهاتەکانی ئەم شارەیە، و هەروەها داوا لە حکومەتی فیدڕاڵیش دەکەین؛ کۆتایی بەم دۆخە بهێنرێت کە ماوەی پێنج ساڵە بە سەر خەڵکی کەرکوکدا سەپێنراوە، جگە لە (پێکهاتەیەک) ئەوانی دیکە لە زۆربەی ئیستحقاقە دەستوری و ئینتیخابییەکانیان بێبەش و پەراوێز خراون، و شەراکەتی راستەقینە لەم پارێزگایەدا لە سایەی ئەم (ئیدارەیە) کەوتووەتە بەر هەڕەشە و مەترسی جددیی!


ئێمە پێمان وایە باشترین رێگەچارە بۆ پرسی کەرکوک و ناوچە جێناکۆکەکان، تەنها گەڕانەوەیە بۆ دەستووری هەمیشەیی ، بەدەر لەو رێگە چارەیە، پرسی کەرکوک هیچ رێگە چارەیەکی دیکە قبوڵ ناکات. هەروەها هەموو لایەکیش دڵنیا دەکەینەوە؛ کە بە هیچ شێوەیەک سازش لە سەر کوردستانیی بوونی کەرکوک و ناوچە جێناکۆکەکان ناکەین، و پۆستی پارێزگاری کەرکوک؛ بە مافی رەوای کورد دەزانیین، چونکە کورد لەدوایین هەڵبژاردندا جارێکی دیکە بەهێنانەوەی زۆرینەی دەنگ وکورسی لەپارێزگای کەرکوک سەلماندیەوە ئەم پۆستە مافی ڕەوای پێکهاتەی کوردە.


هاووڵاتیانی خۆشەویست!


شاری کەرکوک سەرەڕای دەوڵەمەندیەکەی بەنەوت وسەرچاوەی سروشتی. کەچی لەڕووی خزمەتگوزاریەوە فەرامۆش کراوە،لەبری ئاسانکاری بۆژیان وگوزەرانی خەڵک،کەچی بەپێچەوانەوە تادێ بارگرانی ونەهامەتی وزیاتر  دەخرێتە سەرشانی دانشتوانەکەی،هەر لەکەمی جێبەجێکردنی خزمەتگوزاریەکان لەگەڕەک وشوێنە گشتیەکان،تا گەیشتن بەوەی خەڵک نەوت و بەنزین وگازی دەست ناکەوێ،هەروەها وەکو پێویست کارەبای نشتیمانی نیە،لەولاشەوە قەرەبوی کارەبای نشتیمانی لەڕێگەی مووەلیدە ئەهلیەکان دەخرێتە سەر گیرفانی هاووڵاتیان ئەمەش بارگرانیەکی ترە بۆسەر شانی خەڵکی هەژار وکەم دەرامەت ،

   کێشەی دانەمەزراندنی دەرچووانی زانکۆ و پەیمانگاکانیش، بەشێکی ترن لەو کێشانەی کە رووبەڕووی پارێزگاکە بووەتەوە.


لێرەوە جەختی لەسەر دەکەینەوە؛ ئەم دۆخە هەتا سەر بۆ هیچ کەس و لایەنێک ناچێتە سەر، بەڵکو دەبێت چارەسەرێکی ریشەیی بۆ بدۆزرێتەوە، بۆ ئەو مەبەستەیش پێویستمان بەیەکڕیزی ،یەک گوتاری سیاسی ،یەک هەڵوێستی کوردستانی هەیە،ئێمە لە حزبە کوردستانییەکانی کەرکوک، لە دەرفەتێکی نزیکدا دووبارە هەوڵەکانی خۆمان دەخەینەوە گەڕ بۆ ئەوەی لەگەڵ تەواوی لایەنەکان و هاوبەشەکانمان لە عیراق، دوای پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت، بە هەوڵ و هیمەتی هەموو لایەک، پارێزگارێکی کورد بۆ کەرکوک دابنێین و چیتر کۆتایی بەو بارگرانی و پەراوێزخستن و جیاکارییە بهێنین کە ماوەی پێنج ساڵە رووبەڕووی کەرکوک و دانیشتوانەکەی بووەتەوە!


سڵاو.. لە شەهیدانی راپەڕین، و سەرجەم شەهیدانی رێگەی رزگاریخوازی کوردستان..!

دووبارە نەورۆز، و راپەڕین، و رزگارکردنی کەرکوکتان پیرۆز بێت!



حزب و لایەنە کوردستانییەکانی کەرکوک

20ی ئاداری 2022