هاوژین ڕەشید:
ئاشکرایە ڕادەی سەوزایی لە هەرشوێنێک بێت، ژیانێکی خۆش و ئارامی و هەوای پاک و گیانداری جوان لەوێیە. بیهێنە پێش چاوی خۆت: بەو هاوین و گەرمایە چی خۆشە؟ دانیشتن لە ژوورێ لەبەر سپلیت و فێنککەرەوە و کەوتنە بەر میهرەبانی کارەبای نیشتمانی، یانیش هاتنە دەرەوە و دانیشتن و خوێندنەوە گفتوگۆ و خواردنەوەی چای کتریە ڕەشی لەسەر خەڵوز یان ئاگری داران لە سێبەری پیرە دارێ؟!
چی بکەین تا لە هەمووکاتێکدا بتوانین شوینێکی خۆش و فێنک و سەوز و جوانمان دەستکەوێ؟
١- دەچیتە هەرشوێنێک، ببە بە دۆستی ئەو جێگایەو وەکو ژووری خەوتن و ناو ماڵی خۆت پاکی ڕاگرە. مەهێڵە زبڵ و خاشاکی تۆ ئەو شوێنە ناشیرین و پیس بکات.
٢- هەوڵدە دەچیە هەر جێگایەک، میوەو و سەوزە چیت خوارد، ئەگەر تۆوی هەبوو، هەر ئاوا فڕێیدە سەر زەویەکەو مەیخە زبڵدانەوە. بەڵکو بەو ڕێگایە بڕوێتەوە و سودی هەبێ لە داهاتودا.
٣- هەر نەمامێکت دی، ئەگەر کەمێک ئاوت لەلابوو، ئاویدە. ڕێگا مەدە گەرما وشکیکات.
٤- با بیکەینە کلتور، دیاری منداڵبوون و ژنهێنان و شوکردن و تەنانەت مردنی کەسەکان ئاهەنگەکانی لەدایکبوون و ساڵیادی هاوسەرگیری و سەرکەوتن لە خوێندن و جەژن و هەر بۆنەو یادێکیتر، لەبری کەلو پەلی مادی یان پارە ناردن، نەمام بکەینە دیاری و شوێنی گونجاو بدۆزینەوەو بیانچێنین و چاودێری گەشەیان بکەین. بیرکەوە: لە ڕۆژی هاوسەرگیریدا درەختێک بچێنی و بەردەوام ئاویدەی و گەشە بکات و نەهێڵی وشک و بێ خزمەت بێت، دوای ساڵانێک کە دەچیتەوە لای ئەو درەختە چ هەستێکت دەبێت؟! ئەدی ئەگەر هەر یەکێکمان نەمامێکمان چاند چی دەبێ؟! وایییی دارستان و پارک دروسدەکەین!
بە هەمانشێوە بۆ بۆنەو یادەکانیتریش.
٥- کەلو پەلەکانت چەندجاریتر بەکاربێنەوە پێش فڕێدان. بۆ نمونە، بتڵی ئاو، شوشەی خۆراکە لە قوتونراوەکان و پلاستیکو کاغەزەکان و تەواوی ئەوشتانەی ڕۆژانە بەکاریان دێنی. بەوەش هەم لە ڕووی مادی یەوە قازانج دەکەی و هەمیش پارێزگاری دەکەی لەوەی ئەوهەموو زبڵ و شتانە ببرێنە زبڵخانەکان.
٦- هەر شتێکیتری شوشە و جل و بەرگ و کارتۆن و کاغەز و پلاستیک، دەزانی ئیتر ناتەوێ و پێویستت نەماوە، فڕێی مەدە بەڵکو بیدە بە کۆمپانیای ڕیسایکلین و ئەوان دەتوانن مادەو کەلوپەلیتری لێ بەرهەمبێننەوە.
٧- ئەگەر هەر جێگات دەستنەکەوت بۆ نەمام چاندن، لە قەراغی شەقامەکان نەمام بڕوێنە. یان لە گۆڕەپانی مەکتەب و نەخۆشخانە و دەزگا فەرمیەکان دوای ئەوەی مۆڵەتیان لێ وەردەگری. خۆ ئەگەر جوتیارێکیش بناسی و ڕێگات بدات نەمامێک لە زەویەکەی ئەودا بڕوێنی، ئەوە هەر زۆر باشدەبێت. بێ گومان لەوانەیە زۆریش دڵخۆشبێت ئاخر لە کۆتاییدا ئەو درەختە لە زەوی ئەودا گەشەدەکات و بۆی هەیە دەیان و سەدان ساڵ بژی و بۆ نەوەکانیشی بمێنێتەوەو سود لە سێبەر و بەرەکەی ببینن.
٧-هەوڵدە لەبری گەشتکردن بە ئۆتۆمبێل و پاس، بە پێ بڕۆی یانیش بە پاسکیل. بەمشێوەیە ڕێژەی دوانۆکسیدی کاربۆن CO2 لە سروشتدا کەمدەبێتەوەو هەوا پاکتر دەبێت. هەمیش لە ڕووی مادی یەوە سودی زۆرەو بۆ لەشیشت زۆر پێویستە.
٨- هەرچی یەک دەیکەی بیر لە ٢٠ساڵیتر بکەوە ئەودەمەی منداڵە چەند مانگەکەت، دەبێتە گەنج و تۆش ووردە ووردە بەرەو پیری هەنگاودەنێیت. شتێک بنیادنێ بۆ منداڵەکەت کە سودی لێ ببینێ و خۆشت لە سایەیدا پشوبدەی.
٩-زبڵ و خاشاکەکەت توند سەری بگرە و با نەبێتە مۆڵگەی مێش و مەگەز و بۆنی ناخۆش.
١٠- خۆت میوەو سەوزەی پێویستی خۆت بچێنە ئەگەر کەمێکیش جێگات هەیە لە حەوشەکەتدا.
ئێوەش هەرچیترتان ویست بۆی زیادکەن و بەوهیوایەی بتوانین کوردستان و ئەو خاکە جوانەش والێکەین، شان لە شانی وڵاتی سوید بدات کە بۆ ساڵی ٢٠٢٣ یەکەم وڵاتبوو لە ڕووی سەوزایی یەوە.
