کڵپەنیوز:
دکتۆر کەمال کەرکوکی لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند؛ سەرۆک مەسعود بارزانی خۆی کەسێکی حەقانییە، ئەگەر ئەو زەوییانە لەناوچەکانی (تۆپزاوە-ترکەلان) هی عەرەب بوونایە، بەهیچ شێوەیەک داوای نەدەکرد کە بدرێتە کورد یان تورکمان، لەگەڵ ئەوەشدا ڕێزدار سەرۆک بارزانی لە شەوی ڕابردووەوە بۆ ئەم بابەتە بە چڕی لەسەر هێڵە و فەرمانی کردووە، کە ڕێگری لەم هەنگاوانە بگیرێت و مافی کورد و تورکمان لەم نێوەندە بەهەدەر نەچێت بەپێی ئەو ڕێککەوتنامەی کە لە پێشووتردا کراو و بە ڕاشکاوانەش بە لایەنە پەیوەندیدارەکان لە بەغداد گووتراوە؛ کە سیاسەتی لەم شێوە قابیلی قبوڵ نییە.
هەروەها دکتۆر کەمال کەرکوکی ئەوەشی خستەڕوو: کە پارێزگاری هەڵگری بیری شۆڤێنی (ڕاکان جبوری) لەگەڵ لایەنە سەربازییەکان ڕێککەوتووە کە ئەو ناوچانە بکاتە سەربازی، بەداخەوە خەڵکانێک لەناو یەکێتی ئیمزای مانەوەی ئەم پارێزگارە سەپێنراوەیان کرد.
هەروەها دەشڵێت؛ ئەو زەوییانە هی خەڵکی ناوچەکەن و تاپۆکانیان بۆ سەردەمی عووسمانییەکان دەگەڕێتەوە، بەڵام لە سەردەمی ڕژێمی دیکتاتۆری پێشوو بە زۆر و دەیان فێڵ و ڕێگە خەڵکی ڕەسەنی ناوچەکەیان دەربەدەر کرد، هەرچەندە لە دوای ساڵی ٢٠٠٣ خەڵکی ناوچەکە گەڕانەوە زێدی خۆیان بەڵام ئێستاش بە هەمان نەفەس هەوڵی تەعریب دەدرێت بەڵام ڕێگرییان لێدەکرێت.
