کڵپەنیوز:
بەرەبەیانی ڕۆژی یەکشەممە 4ـی حوزەیرانی 2023، پێشمەرگەیەکی فەوجی یەکی لیوای 22 لەکاتی ئەرک لەلایەن هاوڕێیەکییەوە بەهەڵە شەهید کرا.
سەرچاوەیەکی ئەمنی ئاگادار بەکڵپەی ڕاگەیاند، پێشمەرگەکە ناوی فەرمان نیهاد قادر بووە و تەمەنی 40ساڵ بووە و پێشمەرگەی فەوجی یەکی لیوای 22ـی سەربەوەزارەتی پێشمەرگە بووە و لەگوندی مەملی لەڕۆژهەڵاتی پارێزگای کەرکوک شەهیدکراوە.
هاوکات لەپرسەنامەیەکدا، کە ئاراستەی خانەوادەی پێشمەرگەکە و کراوە، عەمید محمد عەبدوڵڵا ئەحمەد تەپەدێیی، فەرماندەی لیوای 22ـی پیادە، ئاشکرای کرد، کە پێشمەرگەکە بە ئەرکی دانانی بۆسە(کەمین) لەگەڵ چەند هەڤاڵێکیدا دەرچووە، لە نوقتەی واجباتەوە دەبینرێن، و گوماندەکرێت دوژمن بێت، بە هەڵە تەقە لە تیمی دەرچوی کەمینەکە دەکرێت لەلایەن ڕەبیەی خۆیانەوە، بەداخەوە ناوبراو شەهید دەبێت.
ڕوودانی ئەم ڕووداوە لەکاتێکدایە، هەفتەی ڕابردوو هێزەکانی لیوای 22 بەهاوبەشی لەگەڵ هێزەکانی سوپای عێراق ئۆپەڕاسیۆنێکی دوو ڕۆژەیان بۆدۆزینەوە و ڕاوەدوونانی پاشماوەی چەکدارانی داعش لەناوچەکە ئەنجامدابوو.
