کڵپەنیوز:
ئەمڕۆ یەکشەممە لەنەخۆشخانەی ئازادی فێرکاری کەرکوک ڕێگری لەپەیامنێری باسنیوز کرا کاری ڕۆژنامەوانی خۆی ئەنجام بدات و لەسەر بڕیاری بەڕێوەبەری نەخۆشخانەکە لەنەخۆشخانەکە دەرکراوە.
ئەحمەد عەبدوڵڵا پەیامنێری دەزگای باسنیوز لەکەرکوک بەکڵپەی گوت: "لەکاتی بەدواداچوونم بۆچیرۆکی ژنێکی لەنەخۆشخانەی ئازادی شاری کەرکوک، کە بەنووسراوی فەڕمی لەلایەن فەرمانگەی تەندرووستی کەرکوک ڕێگەم پێدرابوو، بەڵام لەلایەن دکتۆر بەڵێن بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی ئازادی کەرکوک بەهۆی ئەوەی بابەتەکەمان بۆدەزگای باسنیوز بوو لەشاری هەولێر ڕێگریمان لێکرا و لەنەخۆشخانەکە دەرکراین.
باسی لەوەشکرد، کە خودی دکتۆر بەڵێن بەپزیشکی ئێشکگری نەخۆشخانەکەی ڕاگەیاندووە: "کە دەزگای باسنیوز نابێت لەناو نەخۆشخانەی ئازادی کاربکات، چونکە پێی وایە کارەکانیان لێ تێکدەدەین".
وتیشی: "من دەزگاکەی خۆمم لەو پێشێلکارییە ئاگادارکردووەتەوە و داواکاریشم ڕێکخراوەکان و سەندیکاش لەسەر ئەو پێشێلکارییە بێنەدەنگ و بێدەنگ نەبن".
باسنیوز ڕۆژنامەیەکی هەواڵی یە و بارەگاکەی لەشاری هەولێرە و بەمیدیایەکی نزیک لەپارتی دیموکراتی کوردستان دادەندرێت.
