Page Nav

HIDE

Grid

GRID_STYLE
latest

من بۆ ڕجیم ناکەم؟


ئاکام وەزیری-ڕۆژنامەنووس
من، کەئێستا کێشم سەرووی ١٠٠کیلۆیە و چەند ساڵێکە وەکو بەشێک لەگەنجانی ئەم نیشتمانە قەڵەوبوومە، زۆرێک لەهاوڕێ و هاوڕێیان و خزم و کەس و دۆستانم دەپرسن بۆڕجیم ناکەی و کێشت دابەزێنیت؟
هەرچەندە من بیرم لێی کردەوە، بەڵام دواجار گەیشتمە ئەو دەرئەنجامەی نەکا کێشەی قەڵەوییەکەی منیش هاوشێوەی پرسە نیشتمانییەکانی دیکە بگۆڕدرێت بۆململانێی سیاسی و ئەو حزب و ئەو حزب بیکات بەدەستکەوتی حزبی و کەسی.
من ئەترسم کاتێ بڕیاری ڕجیمم دا، هاوڕێ پارتییەکەم لەسۆشیاڵ میدیا وێنەیەکم بڵاوبکاتەوە لەسەری نووسیبێت: "لەسەر ڕاسپاردەی براگەورە سەرۆکی حکومەت، دواجار ئەو هاوڕێیەمان بڕیاریدا لەسەر ڕێبازی بارزانی دەست بەبەرنامەی ڕجیم بکات و خۆی دابەزێنێت"، لەو لاشەوە هاوڕێ یەکێتییەکان وێنەیەکی دیکەم بڵاوبکەنەوە و بنووسن: "خەونی مامی گەورەمان بوو، لەسەر داوای کاک بافڵ و مامی بچوک ئەم هاوڕێیەم خەونەکەی هێنایە دی و دەستی بەبەرنامەی ڕجیم کرد بۆدابەزاندنی کێشی".
ترس لەوەیە هاوڕێیەکم، کە هەڵسوڕاوی گۆڕان بێت، وێنەیەکم لەسبەی دا بڵاوبکاتەوە و بیکاتە بەپەلە و بڵێت: "هاوڕێیەکمان شوێنپێی ڕەوانشاد باوکی هەژارانی هەڵگرتووە، بۆدابەزاندنی کێشی".
لەوەناخۆشتر ئەترسم هاوڕێ سۆشیاڵ دیموکراتەکەم وێنەیەکی فۆتۆشۆبم لەگوڵەخانە بڵاوبکاتەوە و بڵێت: "ئەم هاوڕێیەمان دوای دانیشتنی لەگەڵ کاکە حەمە دواجار بڕیاریدا رجیم بکات، کاکەحەمەش پێی ڕاگەیاندووە بۆڕجیم دابەزاندنی کێش بەخێرایی پێویستە سەوزە و میوەی زۆر بخات و لەڕەمەزانانیش لەبری خورماش بەئاو افتار بکات"، سەیر لەوەیە هاوڕێ شوعییەکەشم وێنەیەکی دیکەم دابنێ و بنووسێت: "قەڵەوی جۆرێکە لەگەندەڵی و دەرئەنجامی سیستمی سەرمایەدارییە، خۆشبەختانە ئەم هاوڕێیەمان بڕیاریدا لەسەر سیستمی سۆشیالیستی کێشی خۆی دابەزێنێت و ڕجیم بکات".
چۆن شێت نەبم حزبە ئیسلامییەکانیش بەیەک دەنگ بێنە جواب و هاوڕێیەکانم لە کۆمەڵ و بزووتنەوەی ئیسلامی و یەکگرتوو هەموویان وێنەکانم بڵاوبکەنەوە و لەسەری بنووسن: "ئەو برا ئیماندارەمان لەسەر سونەتی خودا و پەیامبەری نازدارمان بڕیاری داوە دەست بەڕجیم بکات و کێشی کەم بکاتەوە".
لەوە ناخۆشتر گەر ڕجیمی کیتۆ بکەم، برادەرانی پەکەکە وێنەیەکم بڵاودەکەنەوە و دەنووسن: "لەسەر پێشنیاری هەڤاڵ مازن، ئەم هەڤاڵەشمان دەستێ کرد بەکیتۆ بۆدابەزاندنی کێشی".
ئێوە بڵێن، من چەند مانگ خۆم ماندوو بکەم، ڕجیم بکەم، کێشم داگرم، لەولاشەوە حزب پۆزی پێوە لێدا و وەک هەر بابەتێکی نیشتمانی دیکە لەڕابردوودا، بڵێن ئێمە کردمان و بەهەوڵی ئێمە بوو؟