کڵپەنیوز-ناوەندی هەواڵ:
وتەبێژێک بەناوی بزووتنەوەی ئیسلامی کوردستان ڕاگەیاندراوێکی لەبارەی دوکەوتنی مووچەوە بڵاوکردەوە و ڕەحنەی تووندی لەحکومەتی هەرێمی کوردستان دەگرێت.
لەڕاگەیاندراوەکەی بزووتنەوەی ئیسلامی کوردستان هاتووە، ئێستا حکومەتی هەرێمی کوردستان هیچ بیانوێکی لەدەست نەماوە بۆ دابەشنەکردنی مووچەی فەرمانبەران، لە کاتێکدا نرخی نەوت بە شێوەیەکی بەرچاو بەرز بۆتەوەو ماوەی دوومانگە نرخی بەرمیلێک نەوت لە سەروووی ٩٠ دۆلار بوو ئێستاش بەرمیلێک نەوت بە ١١٣ دۆلار زیاترەو حکومەتی عێراقیش چەند ڕۆژێک بەرلە ئێستا ٢٠٠ ملیارەکەی ناردووە بۆ هەرێم.
ئەوەشخراوەتەڕوو، کە بەپێی راپۆرتە فەرمییەکانی هەرێمیش رێژەی داهاتەکانی نەوتی و نانەوتی زۆر زیادی کردووە، کە بۆ یەک مانگ بە گشتی زیاترە لە ملیارێک دۆلار، کەچی بڕی بووجەی پێویست بۆ یەک مانگی مووچە خۆران بریتییە لە ٦٠٠ ملیۆن دۆلار، بەڵام حکومەت تا دێت خەمساردو بێ باکتر دەبێت لە پێدانی شاییستە داراییەکانی فەرمانبەران و هاوڵاتیان، لەگەڵ ئەوەشدا چەند رۆژێکە بۆ مووچەی مانگی ٢٠٢٢/٣ پارەی تەواو لەبەردەستە، بەڵام بەبێ هیچ روونکردنەوەو هۆکارێک حکومەت دەست بە دابەشکردنی مووچە ناکات.
گوتیشی: "ئێمە لە بزووتنەوەی ئیسلامی پێمان وایە حکومەت ئەو دواخستنەی مووچە لەم کاتەدا بۆ ئەوەیە تا لە مانگی رەمەزاندا یەک مووچە دابەش بکات لە کاتێکدا بەپێی بڕیاری سەرۆکایەتی حکومەت دەبوایە هەموو ٢٥ی مانگێک دەست بە دابەشکردنی مووچە بکرێت، بەڵام ئەم ساردیەی حکومەت بۆ دواخستنی مووچە بۆ ئەوەیە کە مووچەی مانگی ٢٠٢٢/٣ ماوەکەی درێژ بکاتەوە تاوەکو پرۆسەی دابەشکردنەکە درێژەی پێ بدات بۆ ئەوەی پرۆسەکە تا نزیک جەژن بخایەنێت".
باسی لەوەشکرد، کەئەو رەفتارەی دەسەڵات بەرامبەر مووچە خۆران و هاوڵاتیان بێ باج نابێت و تا زیاتر زوڵم و ستەم بەردەوام بێت چارەنووسی پرۆسەی سیاسیی هەرێمی کوردستان بەرەو ئاقارێکی نادیار دەبات.
لەماوەی ڕابردوودا حکومەتی هەرێمی کوردستان بەڵێنی ئەوەی بەفەرمانبەران دابوو، کە هەموو ٢٥ـی مانگێک مووچەی مووچەخۆران دابەش بکات، بەڵام دوو مانگە حکومەت بەبیانووی نەبوونی پارەی بەردەست نەیتوانیوە لەکاتی خۆی دا مووچە بەسەر فەرمانبەراندا دابەش بکات.
ئـ،و
