Page Nav

HIDE

Grid

GRID_STYLE
latest

مه‌سرور بارزانی:خوازیاری باشترین پەیوەندین لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی



 
کڵپەنیوز-ناوەندی هەواڵ:

ئەمڕۆ مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەشداری کرد له كۆڕبه‌ندی پیشه‌سازی له پێناو رهخساندنی بازاڕ و هه‌لی كار گوتارێكی پێشكه‌ش كرد.
لەگوتارەکەیدا سەرۆکی حکومەتی هەرێم ڕایگەیاند، لەسەرەتای ئەم کابینەیەدا، کاریان بۆ هەمەجۆرکردنی ئابووری و بایەخدان بە گشت کەرتەکان کرد، بۆ ئەوەی چیتر حکومەت بە تەنیا پشت بە یەک سەرچاوەی داهات نەبەستێت و گرنگییەکی زۆریان بە کەرتەکانی پیشەسازی و کشتوکاڵ داوە و تا ئێستا چەندین پڕۆژەیان ئەنجام داوە.
گوتیشی: "ئامانجی سەرەکیشمان، بنیاتنانی ژێرخانێکی ئابووری بەهێز بووە بۆ هەرێمی کوردستان، بەڵام ئاشکرایە پاش ماوەیەکی کەم لە دەستبەکاربوونی کابینەی نۆیەم، هەرێمی کوردستان و عێراق و جیهان، دووچاری چەند قەیرانێکی سەختی تەندروستی و ئابووری وەک بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و لێکەوتە نێگەتیڤەکانی و دابەزینی نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهان و هەروەها نەناردن و دواکەوتنی خەرجکردنی بەشە بودجەی هەرێم لەلایەن حکومەتی فیدراڵییەوە بوونەوە"، كه تا ئێستاش به‌رده‌وامه و بەگوتەی سەرۆکی حکومەتیش کاریگەریی نەرێنی لە سەر هەموو بوارەکانی ژیاندا دروست کردووە.
ئەم قەیرانانە، کێشە و گرفت و تەحەدای گەورەی نەک هەر بۆ ئێمە، بەڵکو بۆ وڵاتانی زلهێزی خاوەن ئابووریی و پیشەسازی گەورەی جیهانیش دروست کرد و سیستەمی دارایی و ئابووریی ئەو وڵاتانەی دووچاری داڕمان و زیانی گەورە کردووە.
باسی لەوەشکرد، کە سەرەڕای هەموو ئەو قەیرانانەش، حکومەت هەرگیز لە کارکردن و پێشکەشکردنی پڕۆژە خزمەتگوزاریی و ستراتیجییەکان نەوەستاوە و بەپێی توانای دارایی بەردەست، بەردەوام بووە و لەماوەی تەمەنی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، چەندین پڕۆژەی گرنگ و ستراتیجی لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان، لە بوارە جۆراوجۆرەکان ئەنجامدراوە، وەک رێگاوبان، پیشەسازی ، کارەبا، کشتوکاڵ و گەشتوگوزار، کە هەندێکيان جێبەجێکراون و تەواوبوون و هەندێکیشیان ئێستا لە قۆناغی جێبەجێکردندان. 
جەختیشی کردەوە، حکومەت هەر ئاسانکارییەکی پێویست بێت، پێشکەشی وەبەرهێنەرانی ناوخۆ و بیانی دەکات بۆ ئەوەی بەشداربن لە پرۆسەی ئاوەدانکردنەوە و بنیاتنانی ژێرخانی ئابووری هەرێمی کوردستان و باسی لەوەشکرد، کە حکومەتی هەرێم بە هەموو شێوەیەک، پاڵپشت و هاوکاری گەنجان و خاوەن پڕۆژە  بچووکەکان لە بوارەکانی پیشەسازی و بازرگانی و داهێنان لە هەموو روویێکەوە دەبێت.
هاوکات سەرۆکی حکومەت هیوای خواست ئەو کەسانەی بیر لە تێکدانی پێشکەوتنی کوردستان دەکەنەوە، کەمێک بیر لەوەش بکەنەوە ئەو هەموو شەڕ و وێرانکارییەی لە ساڵانی رابردوودا لە عێراق روویاندا چ قازانجێکی بە خەڵکی عێراق گەیاند و ئەگەر ئەو هەموو توانا و داهاتەی عێراق لە جیاتی شەڕ و وێرانکاری و ململانیێی سیاسی لە خزمەتکردن و ئاوەدانکردنەوە و پێشکەوتنی عێراق بەکارهێنرابووایە، ئێستا دڵنیاین عێراق یەکێک لە وڵاتە پیشەسازییە پێشکەوتووەکانی ناوچە و جیهان دهبوو.
لەکۆتایی پەیامەکەشی دا سەرۆکی حکومەت ئەوەی دووپات کردەوە، کە خوازیاری باشترین پەیوەندین لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی و بە هەموو شێوەیەکیش داکۆکی لە مافە دەستوورییەکانیان دەکەن لەپێناو زیاتر پێشخستنی هەرێمی کوردستان و سەقامگیربوونی ئاشتی و ئارامی لە هەموو عێراق.