کڵپەنیوز-ناوەندی هەواڵ:
غالب محمد ئەندامی خولی چوارەمی پەڕلەمانی عێراق پێیوایە هەر کەسێك دژی بڕیارەکەی دادگایی فیدڕاڵی بێت ئەوا ئەو کەسە سودمەندە لە نەوت و پشکی لە نەوتدا هەیە و دەشڵێت: "بەتەنها لایەنێک ناتوانێت بەتەنها نەوت بەهەدەر بدات."
لەپەیامێکدا کە لەهەژماری خۆی لەفەیسبوک بڵاوی کردووەتەوە غالب محمد ئەندامی خولی چوارەمی پەڕلەمانی عێراق ڕایگەیاند، بڕیاری دادگای فیدڕاڵی لە ئێستدا باشترین بڕیارە، کە دەرچووە و بڕیارەکەشی بە بڕیارێکی دەستوری لەقەڵەم دا و باسی لەوەشکردووە، کە ئەگەر ئۆپۆزسیۆنی ڕاستەقینە هەبێت لە هەرێمی کوردستان، ئەوا دەبێت پشتگیری بڕیارەکەی دادگای فیدڕاڵی بکات.
گوتیشی: "ئێمە لە ساڵی ۲۰۰٨وە قسە لەگەڵ دادگایی فیدڕاڵی دەکەین و دەڵێین داهاتی نەوت نا شەفافە و پێویستە داهاتی نەوت شەفاف بکرێت کۆمپانیاکانی دەرهێنانی نەوت ڕاپۆرتی مانگانەمان پێبدەن بۆ ئەو بڕە نەوتەی، کە دەردەهێنرێت و پێویستە ئەو کۆمپانیایانە باج بدەن و ڕێکەوتنی حکومی یان لەگەڵدا بکرێت نەک ڕێکەوتنی حزبی بنەماڵەیی بکرێت".
دەشڵێت: "لەبەر ئەوە هەرکەس دژی بڕیارەکەی دادگایی فیدڕاڵی بێت ئەوا ئەو کەسە سودمەندە لە نەوت و پشکی لە نەوتدا هەیە و بەتەنها لایەنێک ناتوانێت بەتەنها نەوت بەهەدەر بدات".
ئەوەشی درکاند، کە هەرکەسێک ڕۆشنبیر بێت، ڕۆژنامەنوس بێت، بەرپرس بێت، یان مەکتەب سیاسی حزبەکان بێت، ئەندام پەرلەمان بێت، لەگەڵ بڕیارەکەی دادگای فیدڕاڵی نەبێت، ئەوا بزانن لە سوچێکەوە بەشێکی هەیە لەو داهاتی نەوتە و دەچێتە گیرفانی و وە دەیخاتە خزمەتی خێزانەکەی و لای گرنگ نییە هاوڵاتیانی دیکە چییان لێدێت.
ڕوونیشی کردەوە، کە بەهۆی گەڕانەوەی داهاتی نەوتی هەرێم بۆ عێراق ئەمە ئەوە ناگەیەنێت، کە عێراق دەیەوێت هەرێمی کوردستان خۆی ڕادەست بکات، بەڵکو بەپێچەوانەوە دەیەوێت داهاتی نەوت شەفاف بێت بۆئەوەی لەو ڕێگەیەوە موچەی هاوڵاتیان بدات.
هەفتەی ڕابردوو دادگای فیدڕاڵی یاسای نەوت و گازی هەرێمی بەنادەستووری ناوبرد و چوار سەرۆکایەتییەکەی هەرێمیش بڕیارەکەی دادگای فیدڕاڵیان ڕەتکردەوە و بەسیاسیان ناوبرد.
ئـ،و