کڵپەنیوز-ناوەندی هەواڵ:
دکتۆر کەمال کەرکوکی سەرۆکی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی کەرکوک-گەرمیانی پارتی دیموکراتی کوردستان بەبۆنەی یادی ڕاپەڕینەوە بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، ئەو ڕاپەڕینە مەزنە بووە هۆی ئەوەی گەلی کوردستان بتوانێت بەشێک لە مافە ڕەواکانی بەدەست بهێنێت و بتوانێت لە ژێر ناوی فیدرالیەت فەرمانڕەوایی خۆی بکات.
لەبەیاننامەیەکدا، کە کۆپییەکی بۆدەزگای دەنگ و باسی کڵپە نێردراوە، دکتۆر کەمال کەرکوکی سەرۆکی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی کەرکوک-گەرمیانی پارتی دیموکراتی کوردستان، ئاماژە بەوەدراوە، کە ئەمڕۆ سی و یەک ساڵ بەسەر وەرچەرخانێکی مێژوویی لە خەبات و تێکۆشان و شۆڕش و قوربانیدانی گەلی سەربەزی کوردستاندا تێدەپەڕێت ئەویش ڕاپەرینی شکۆداری خەڵکی کوردستانە لە بەهاری ١٩٩١.
ئەوەشخراوەتەڕوو، کە ئەو ڕاپەرینە مەزنە لە کاتێکدا بوو کە ستەم و جینۆسایدەکانی رژێمی بەعسی ڕووخاو بەرانبەر بە گەلەکەمان گەیشتە لووتکە کە تێیدا هەموو جەماوەری کوردستان بە هەموو چین و توێژەکانەوە ئامادەیی تەواویان هەبوو بۆ گیانفیداکاری لەپێناو بەرەنگاربوونەوەی رژێمی سەدامی گۆڕ بەگوڕ لەپێناو ڕزگاری و ئازادی و گەیشتن بە تەواوی مافە نیشتمانی و نەتەوایەتییەکانمان.
لەبەیاننامەکەی سەرۆک ئەنجوومەنی سەرکردایەتی کەرکوک-گەرمیانی پارتی دیموکراتی کوردستان تیشکخروەتە سەر ئەوەی، کە ئەو ڕاپەرینە جەماوەرییەی خەڵکی خۆڕاگر و شۆڕشگێری گەلیک بوو کە هەمیشە باوەڕ و متمانەی تەواویان بە خۆیان و بە پێشمەرگە قارەمانەکان و سەرکردایەتیی سیاسیی کوردستان هەبوو بۆیە لە کاتێک کە بارودۆخی خودی و مەوزوعی لە عێراق تا ڕادەیەک هاتە کایەوە، پێشمەرگە قارەمانەکان و جەماوەر بە یەکگرتوویی هەڵمەتی ڕاپەرینیان لە (٥)ی ئاداری ساڵی ١٩٩١ لە تەواوی باشوری کوردستان دەست پێکرد بۆ ڕزگاری خاک و خەڵکی کوردستان بە کەرکووکی دڵی کوردستانیشەوە.
لەبەیاننامەکەی دکتۆر کەمال باس لەوەکرەوە، کە لە کاتێکدا یادی ئەم ڕاپەرینی مەزنی خەڵکی کوردستان دەکەینەوە دەبینین هەندێک لە عەقڵیەتی دەسەڵاتداران و لایەنە سیاسییەکانی عێراق و تاقمە خیانەتکارەکەی ١٦-ی ئوکتۆبەری ٢٠١٧ هیچ سوودیان لە ڕابردوو و ئەزموون و شۆڕش و ڕاپەڕینی خەڵکی کوردستان نەبینیوە و بە هەمان هزری شۆڤێنیی رژێمی دیکتاتۆری لەناوچوو و خولامێتیی پیلان و شەڕانگێزیی دژ بە گەلەکەمان و هەرێمی کوردستان دادەڕێژن ئەو گەلەی لەپێناو وەدیهێنانی مافە ڕەواکانی دەیان هەزاری لە ڕۆڵەکانی کردووەتە قوربانی و، بەدڵنییاوە ئەو جۆرە پلان و پیلانانە بێ ئاکام و پووچەڵ دەبنەوە و گەلی سەربەرزی کوردستان دەگاتە دوا ئامانجەکانی.
بەیاننامەکەی سەرکردایەتی کەرکوک-گەرمیانی پارتی دیموکراتی کوردستان لەکاتێکدایە ئەمڕۆ بافڵ تاڵەبانی هاوسەرۆکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان بەیاننامەیەکی لەسەر ڕاپەڕینەکەی بەهاری ساڵی ١٩٩١ـی گەلی باشوری کوردستان بڵاو کردەوە و ڕایگەیاند، ئێستا دۆخێک خوڵقاوە، کە بڵێین "راپەڕینمان نەکرد بۆ ئەوەی دۆخەکە بەمشێوەیەی لێبێت".
ئـ،و