کڵپەنیوز-ناوەندی هەواڵ:
پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ، بەشۆفەڵ بارەگای لقی پێنج پارتی دیموکراتی کوردستان لەشاری بەغدادی پایتەختی عێراق ڕووخێندرا و بەپێی زانیارییەکانیش ڕووخاندنەکە بەبڕیاری خودی بارزانی بووە.
نێردراوی کڵپە لەبەغدادی پایتەختی عێراق ڕایگەیاند، دوای ئەوەی شەوی ٢٧ـی ئەم مانگە ژماارەیەک گەنجی لایەنگری حەشدی شەعبی هەڵیانکوتایە سەر بارەگای لقی پێنجی پارتی لەبەغداد و بارەگاکەیان سوتاند، پێشنیوەرۆی ئەمڕۆ بەفەرمانی مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان بڕیاردراوە بینای بارەگاکە بڕوخێندرێت.
دوێنێ پارتی ڕایگەیاند بەتەواوی بارەگای لقی پێنجیان لەشاری بەغداد دادەخەن و کاری سیاسیشیان لەبەغداد هەڵدەپەسێرن، بەهۆی ئەوەی لەماوەی ڕابردوودا دووجار بارەگاکەیان سوتێندراوە و حکومەتی عێراقیش هیچ هەڵوێستێکی لەسەر سوتاندنی بارەگەیان نەنواندووە.
شەوی ٢٧ـی ئەم مانگە کەسێک بەناوی نایف کوردستانی لەتویتێکدا وتی: "ئەو لەگەڵ مەرجەعییەتی ئەلبەیتە و لەگەڵ مەرجەعییەتی هندی و ئەفغانی و پاکستانی نیە"، ئەوەش گڕی بەردایە لایەنگرانی پارتی و هەڵیانکوتایە سەر بارەگای لقی پێنجی پارتی لەبەغداد و سوتاندیان.
ئـ،و
