کڵپەنیوز-ناوەندی هەواڵ:
سەرۆكی لیژنەی سووتەمەنی لە ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی رای دەگەیەنێت، رۆژانە 250 تانكەر لە مەرزی پەروێزخانەوە پاشماوەی پاڵاوگەكان دەبرێتە دەرەوەو ساڵانە زیاتر لە 72 ملیار دینار داهاتەکەیەتی.
ئەمڕۆ هەینی، 11ـی ئاداری2022، كەریم عەلی سەرۆكی لیژنەی وزە و سووتەمەنی لە ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی، رایگەیاند، رۆژانە تەنیا لە مەرزی پەروێزخانەوە 250 تانكەر پاشماوەی پاڵاوگەكانی سنوورەكە دەبەنە دەرەوە و بۆ هەر یەكێك لەو تەنكەرانە 800 هەزار دینار وەردەگیرێت، مانگانە شەش ملیار دینار دەكات و ساڵانە نزیكەی 72 ملیار دینار دەكات، وەك باج و گومرگ ئەو پارەیان لێ وەردەگیرێت.
گوتیشی: "ئەو تانكەرانە بۆ هەر تەنێك لەو پاشماوەیە كە دەیبەنە دەرەوە حەوت دۆلاری لێ وەردەگیرێت بۆ پارەی رێگاوبان كە ساڵانە سەروی 20 ملیۆن دۆلار دەكات، بەڵام ئەو پارەیە یەك دیناریشی بۆ رێگاوبان خەرج ناكرێت".
باسی لەوەش كرد، تەنها بە داهاتی ئەو تانكەرانە ئەگەر پارەی یەك ساڵیان تەرخان بكرێت بۆ رێگاوبان و چاككردنی رێی سلێمانی كەلار ئەوا بە دڵنییاوە باشترین رێ بە ماوەیەكی كەم دروست دەكرێت و لەو دۆخەی كە رێیەكە تیایەتی هاووڵاتییان نەجاتیان دەبێت كە ساڵانە دەیان رووداو بەهۆیەوە قوربانی لێ دەكەوێتەوە.
روونیشی كردەوە، پاشماوەی ئەو تانكەرانە كە ژمارەیان 250 دانەیەو هەر یەكەیان 30 تۆن پاشماوەیان هەلگرتووەو دەیبەنە دەرەوە، سەرجەمی دەكاتە حەوت هەزار تۆن پاشماوە كەواتە لە توانا هەیە 18 ملیۆن لیتر بەنزین و گازوایل و نەوتی سپی بەرهەم بهێنرێت.
ئـ،و