کڵپەنیوز-ناوەندی هەواڵ:
دوای دوو ساڵ خانمە پێشکەشکاری ناسراوی کورد ئەڤین ئاسۆ بێدەنگی شکاند و پەیامێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت: "زۆرگرێ ناخماندا هەن، کە نەکراونەتەوە".
ئەڤین ئاسۆ خانمە پێشکەشکاری ناسراوی کورد پەیامەکەی بەبۆنەی ڕۆژی هەشتی مارس لەپێگەی خۆی لەتۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک بەناونیشانی (ئەمڕۆ ناتوانم ھیچ نەڵێم) و بڵاوکردەوە ڕایگەیاند: "زۆر ھاوار ھەن دەرمان نەبڕیوون ، زۆر ووشە ھەیە نەمانتوانیوە بیانڵێین ،زۆر گرێ لە ناخماندا ھەن کە نەکراونەتەوە".
ئەو خانمە پێشکەشکارە، کە ماوەی زیاتر لەدوو ساڵە لەسەر شاشەکان نەماوە و بێدەنگی هەڵبژاردووە لەپەیامەکەی دا باسی لەوەکردووە، کە بە بیانووی جیاواز و لە ژێر ناوی جیاواز ھەتا ئەم ساتەش ژن دەکوژرێت و تیرۆری جەستەیی و رۆحی و دەرونی دەکرێت و تکایش دەکات، کە وەک مرۆڤبوون لە ئافرەتان بروانن و توندوتیژی بەرامبەر ئافرەتان ڕاگرن.
دەشڵێت: "ژنان و ئافرەتان بە درێژایی مێژوو لە ھەر چوار پارچە ڕۆڵی جوان و کارا و کاریگەرییان لە بوارە جیاوازەکان بینیوە و بەشێکیان لە لوتکەی دەسەڵات بوون و بەشێکیش بە کارە مرۆڤ دۆستانەکانیان بونەتە سمبول".
هەروەها ئەڤین ئاسۆ پەیامێکی ئاراستەی خانمانیش کردووە و نووسیویەتی: "بۆ ئێوەش ئەی ھاوڕەگەزەکانم : لە ئێستادا وێنا جوان و تایبەتە پڕتواناکانتان نیشانبدەن واز لە شتی لاوەکی بھێنن بیسەلمێنن ئافرەت لێھاتوو وکارامەیە توانای کار و بەڕێوەبردن و گرتنە دەسەڵاتی لەسەرجەم دامەزراوە و پلە و پۆستەکان ھەیە
تا چیدیکە ئافرەت نەبێتە قوربانی توندوتیژییەکان و
بۆ ڕیشەکێشکردنی ھەموو جۆرە جیاکاری و نادادپەروەرییەک ،
بۆ داھاتوویەکی باشتر و کۆمەڵگایەکی پڕ لەڕەنگ پێویستە جدیتر لە پرسی ژن بروانن".
پەیامەکەی ئەڤین ئاسۆ پاش دوو ساڵ لەبێدەنگ بوونی، لەکاتێکدا شەوی یەکشەممە تەرمی ژنێکی تەمەن 20ساڵ لەسەر شەقامی 100مەتری شاری هەولێر دۆزرایەوە و پۆلیسی هەولێریش ڕایگەیاند، ئەو ژنە لەلایەن مامێکی و برایەکییەوە بەدەمانچە کوژراوە و مامی دەستگیرکراوە و لەهەوڵدان براکەشی دەستگیربکەن.
ئـ،و