کڵپەنیوز:
"بەیانی ئەمڕۆ، بۆئەنجامدانی چەند پشکنینێک، کە لەلایەن دکتۆرەوە بۆم نووسرابوو، لەگەڵ هەڵکێشانی ددانێک چوومە نەخۆشخانەی ئازادی کەرکوک، پاش زیاتر لەنیو کاتژمێر وەستان لەبەردەم نەخۆشخانەکە بەبیانووی نەبوونی وەرەقەی ئیحالە ڕێگەیان پێنەدام بچمە نێو نەخۆشخانە، لەکاتێکدا هاوڵاتی ئاسایی هەبوو ڕێگەی پێدرا"، ئاکام وەزیری ڕۆژنامەنووس لەکەرکوک لەبڵاوکراوەیەکدا لەتۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک وای گوت.
وەزیری دەشڵێت: "هەرچەندە بەکارمەندانی بەردەم نەخۆشخانەکەم ڕاگەیاند، کە من لەلایەن دکتۆرەوە چەند پشکنینێکم بۆنووسراوە، پێویستە لەوێ ئەنجامی بدەم، هەروەها دەمەوێت ددانم هەڵبکێشم، بەڵام ڕێگەیان پێنەدام".
ئاکام صمد محمد، تەمەن (25)ساڵ ڕۆژنامەنووسێکی کوردی شاری کەرکوکە و ماوەی چەند ساڵێک وەکو پەیامنێر و وێنەگر کاری لەژمارەیەک دەزگای ڕاگەیاندنی کوردی لەشارەکە کردووە، لەبڵاوکراوەیەکدا باس لەخراپی کەرتی تەندرووستی کەرکوک دەکات و بەگاڵتەکردن بەخەڵکی شارەکە ناوی بردووە و باس لەوەدەکات، پاش ئەوەی لەنەخۆشخانەی ئازادی بەبیانووی نەبوونی وەرەقەی ئیحالە ڕێگەی پێنەدراوە بچێتە نێو نەخۆشخانەکەوە، چووەتە نەخۆشخانەی کەرکوکی گشتی(جمهوری) لەوێ بەبێ وەرەقەی ئیحالە چووتە نێو نەخۆشخانەکە، بەڵام ئەوەی مایەی شۆک بووە ئەوەبووە، کە نەپزیشکی ددان و نەئەو پشکنینانەی لێ بوو، کە پێویست بوو بۆی ئەنجام بدرێت و لەلایەن کارمەندانی نەخۆشخانەکەوە پێی گوتراوە بچۆ لەنەخۆشخانە و دەرمانخانە ئەهلییەکان ئەو کێشەیەی خۆت چارەسەر بکە.
وەزیری لەبڵاوکراوەکەیدا پرسیویەتی، بۆچی نەخۆشخانەی ئازادی ڕێگەنادات خەڵک بەبێ ئیحالە بچێتە ناونەخۆشخانەکەوە، بەڵام نەخۆشخانەی کەرکوکی گشتی ڕێگە دەدات لەکاتێکدا هەردوو نەخۆشخانەکە لەژێر دەسەڵاتی تەندرووستی کەرکوکە؟ هۆکاری ئەو جیاوازییە چییە؟ ئایە ئەمە سوکایەتی و گاڵتەجاڕی نیە بەنەخۆش لەکەرکوک؟
دەشڵێت: "گەر نەخۆشخانەکانی کەرکوک بەو جۆرەبن نەبوونیان باشترە لەوەی هەبن، نەخۆشخانەیەک بەهۆی نەبوونی وەرەقەی ئیحالە دوای زیاتر لەنیو کاتژمێر ڕێگەنەدات نەخۆشێک بچێتە ژوورەوە، لەکاتێکدا چەند جارێک حاڵەتەکەم بۆیان ڕوونکردەوە و پێیانم ڕاگەیاند، کە حاڵەتەکەی من لەناکاوە و ددانم ئازارێکی زۆری هەیە و ئازارەکەی لەدەماری عەسابم داوە، بەڵام ڕێگەیان نەدا".
دوای ئەو ڕووداوە وەزیری بڕیاری داوە لەکەرکوک ددانی هەڵنەکێشێت و ئەو پشکنینانەش ئەنجام نەدات و نەخۆشخانەکانی کەرکوکیش بەبەرپرسیار دەزانێت لەئەگەری ڕوودانی هەر کاریگەرییەکی خراپ لەسەر تەندرووستی خۆی یان هەرنەخۆشێکی دیکە.
وەزیری ئەوەشی خستەڕوو، کە زیاتر لەحەوت مانگ پێش ئێستا یەکێک لەپزیشکەکانی تاقیگەی گشتی کەرکوک، جارێک دەرمانی بەهەڵە بۆی نووسیوە، کاتێک گەڕاوەتەوە و حاڵەتەکەی بۆ ڕوونکردەوە پزیشکەکە پێی گوتووە، کە لەقەرەبووی ئەو کارەی دەرزییەک و مەڵحەمێک و بەخاخێکی بۆی نووسیوە، بەڵام کاتێک چووەتە دەرمانخانەی تاقیگەکە پێیان گوتووە لەدەرەوەی تاقیگەکە دەستدەکەوێت و کاتێک لەدەرەوەش ویستوویەتی دەرمانەکان وەربگرێت، لەیەکێک لەدەرمانخانەکانی کەرکوک پێیان گوتووە تەنها یەک دەرزیت بۆنووسراوە و دکتۆرەکە ڕاستی لەگەڵت نەگوتووە.
لەکۆتایی بڵاوکراوەکەیدا وەزیری ڕووی دەمی کردووەتە تەندرووستی کەرکوک و داوای لەتەندرووستی شارەکە کردووە؟ لەئاستی ئەو حاڵەتانە بێدەنگ نەبێت، چونکە پێی وایە ناکرێت هاوڵاتی نەخۆش بکرێتە "گاڵتهجاڕی" نەخۆشخانەکانی کەرکوک.
