ڕۆژی سێشەممە 2023/3/7، لەلایەن گۆڤاری تۆپزاوە بە هاوبەشی لەگەڵ رێکخراوی کوردستان بێ جینۆساید، پانێڵێك بە ناونیشانی (ژنان ... قوربانی سەرەکی تاوانەکانی جینۆسایدن) لە هۆڵی پەیمانگای عیلم لە شاری کەرکوك بەڕێوەچوو.
پانێڵەکە، کە بۆ چوار ژنە پانێڵیست رێکخرابوو، بەبۆنەی ڕۆژی جیهانی ژنان سازکرابوو، ئامانج لێی گفتوگۆکردن و تیشک خستنە سەر کێشەی ئەو ژنانە بوو، کە لە پرۆسەکانی جینۆسایدی گەلی کورد ڕزگارییان بووە و رووبەرووی کومەڵێك کێشەی کۆمەڵایەتی و دەروونی و یاسایی بوونەتەوە.
"دەستدرێژی یەکێکە لە جۆرەکانی توندوتیژی سێکسی و ڕەگەزی، زاراوەیەک کە ئاماژەیە بۆ هەر کردەوەیەکی جەستەیی، سۆزداری، سێکسی، یان دەروونی، کە بە پێچەوانەی ویستی کەسێکەوە ئەنجام بدرێت، بە پشتبەستن بە ڕەگەزەکەی، ئەم کردەوانە دەکرێت دژ بە کەسێک لە هەر ڕەگەزێکدا بێت، هەروەها دووگیانی زۆرەملێ و نەزۆککردن و بڕینی ئەندامی زاوزێ لەگەڵ چەندین پێشێلکاری دیکەدا دەگرێتەوە" ئەمە پێناسەی نەتەوە یەکگرتووەکانە بۆجینۆسایدی دژبە ژنان و بەپێی ئەم پێناسەیە هەر کردەیەکی لەم جۆره بەجینۆساید هەژمار دەکرێت.
عەدالەت عومەر، نووسەر و لێکۆڵەری بواری جینۆساید، بابەتێکی بە ناونیشانی (شاڵاوەکانی جینۆساید و کاریگەری لەسەر رەهەندەکانی ژیانی ئافرەتان) پێشکەش و تێیدا تیشکی خستە سەر ئەو دۆخەی رووبەرووی ژنان بوویەوە لە رووی کۆمەڵایەتی لە دوای شاڵاوەکانی جینۆساید.
هاوکات دکتۆرە دڵپاك تاهیر، بابەتێکی بە ناونیشانی (مافەکانی ژن لە رێککەوتنامە و یاسا نێودەڵەتیەکان) پێشکەشکرد و ئاماژەی بەوە یاسایانەدا، که باس له گرنگی پاراستنی ژنان لە تاوانەکانی جینۆساید کر.. بە دوایشیدا (ئەڤین شەهاب) چارەسەرکاری دەروونی، توێژینەوەیەکی لەسەر کاریگەرییە دەروونیەکانی تاوانی جینۆساید لەسەر ژنانی ئەنفال و ئێزیدی پێشکەشکرد.
کۆتا بابەت، بەناونیشانی (ژنانی قوربانی تاوانەکانی جینۆساید و یاساکانی ئەمڕۆ) لەلایەن سروود ئەحمەد، چالاکوانی مافەکانی ژنان پێشکەشکرد و تێیدا باسی لەو کێشە یاساییانەی کرد، کە رووبەرووی ژنانی قوربانی جینۆساید بۆتەوە، بە نموونە یاسای باری کەسێتی.
هێمن حسیب سەرنووسەری گۆڤاری تۆپزاوا لەلێدوانێکدا بەکڵپەی ڕاگەیاند، سازدانی پانێڵەکە لە چوارچێوەی پڕۆژەی زنجیرەیەك چالاکی دێت، کە گۆڤاری تۆپزاوە بەهاوبەشی لەگەڵ رێکخراوی کوردستان بێ جینۆساید، لەم ساڵدا سازی دەکەن.
ڕێکخستنی ئەو پانێڵە هاوکاتە لەگەڵ نزیک بوونەوەی ساڵیادی جینۆسایدی کیمیابارانی هەڵەبجە، کە زۆرینەی قوربانیانی جینۆسایدەکە لەژن و منداڵ پێکهاتبوون.




