Page Nav

HIDE

Grid

GRID_STYLE
latest

دوای نزیکەی ١٠ساڵ پۆلیسی کەرکوک سەرمایەدارێکی داواکراوی دەستگیرکرد


کڵپەنیوز:

ڕۆژدی سەعید، سەرمایەداری دیاری کەرکوک، پاش نزیکەی ١٠ساڵ لەهەڵاتنی لەهەرێمی کوردستان و تۆمارکردنی زیاتر لەهەزار سکاڵا لەلایەن خەڵکی هەرێمی کوردستانەوە، دواجار ڕۆژی پێنج شەممەی ڕابردوو لەلایەن هێزێکی پۆلیسی کەرکوکەوە بەتۆمەتی فێڵکردن دەستگیرکرا.

سەرچاوەیەک لەپۆلیسی کەرکوک بەکڵپەی ڕاگەیاند، دەستگیرکردنی سەرمایەدار ڕۆژدی سەعید هیچ پەیوەندییەکی بەسکاڵاکانی هەرێمی کوردستانەوە نیە، بەڵکو لەلایەن بەشێک لەدانیشتووانی کەرکوکەوە ژمارەیەک سکاڵای لەسەر تۆمارکراوە و بەپێدانی چەکی ساختە بەهاوڵاتیان تۆمەتبارکراوە و بەهۆیەوە و بەپێی ماددەی ٤٥٩ لەیاسای سزادانی عێراقی دەست بەسەرکراوە.

ئاشکراشی کرد، وابڕیارە ئەمڕۆ یەکشەممە دادگای کەرکوک بڕیار لەبارەی چارەنووسی ناوبراو بدات، بەهۆی ئەوەی ژمارەیەک زیاتر لەهەزار سکاڵای لەهەرێمی کوردستان لەسەرە و لەدادگایەکیش بەزیاتر لە١٨٠ساڵ زیندانی سزادراوە.

ڕۆژدی سەعید، یەکێکە لەسەرمایەدارە گەورەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان و خاوەنی گروپی کۆمپانیاکانی عادل موتەحیدە بووە و چەندین پڕۆژەی نیشتەجێبوونی لەهەرێمی کوردستان و عێراق وەرگرتووە و وابڕیاربوو تاوەکو ساڵی ٢٠١٤ بەهاوبەشی لەگەڵ ئیبراهیم تاتڵیساس ژمارەیەک پڕۆژەی نیشتەجێ بوون بەناوی پڕۆژەی نیشتەجێ بوونی دەشتی بەهەشت تاتڵیساس لەهەرێمی کوردستان ئەنجام بدەن.