کڵپەنیوز:
ماڵپەڕی باسنیوزی نزیک لەپارتی دیموکراتی کوردستان لەسەر زاری لیوا هۆشمەند ڕەشید، جێگری سوپاسالاری پێشمەرگە بۆ کاروباری ئیدارە و میرە، بڵوی کردەوە، هاوكاریی مانگی حەوتی هاوپەیمانان كە رۆژی 7ـی ئابی 2025 دابەش دەكرێت، بڕەكەی 180 هەزار دینارە و بەراورد بە مانگی شەش 34 هەزار دینار كەمی كردووە، ئەویش بەهۆی ئەوەی فیرقەیەكی پێشمەرگە خراوەتە نێو لیستی هاوكارییەكە.
مانگی پێشوو 64 هەزار 244 ئەفسەر و پلەدار و پێشمەرگە بە سیستەمی پڕۆژەی (هەژماری من) هاوکاریی هاوپەیمانانیان وەرگرت، بەڵام بۆ مانگی حەوت بەپێی راگەیاندراوی وەزارەتی پێشمەرگە، نزیکەی 74 هەزار ئەفسەر، پلەدار و پێشمەرگە لە ڕێگەی پڕۆژەی (هەژماری من) هاوکاریی هاوپەیمانان وەردەگرن.
بەراورد بە مانگی شەش، بۆ مانگی حەوت نزیكەی 10 هەزار پێشمەرگەی دیكە لە رێگەی (هەژماری من)ەوە هاوكارییەكە وەردەگرن و هاوكارییە داراییەکەی هاوپەیمانان بۆ مانگی شەش بۆ هەر پێشمەرگە و پلەدارێك بڕ 214 هەزار دینار بووە.
بەرپرسەکەی ژمێریاریی پێشمەرگە جەختی كردەوە، دوو مانگ بوو هاوكارییەكە جێگیر بوو، بەڵام ئەم مانگە گۆڕانكاریی تێكەوتووە.
بەوتەی لیوا هۆشمەند ڕەشید، جێگری سوپاسالاری پێشمەرگە بۆ کاروباری ئیدارە و میرە،کەمبوونەوەی بڕی هاوکاری مانگی حەوت، بۆ زیادبوونی ژمارەیەکی زۆری پێشمەرگەیە بۆ چوارچیوەی هاوکارییەکە.
ئاماژەی بەوەش دا، هاوکارییەکە بەپێی ڕێکارەکانی هاوپەیمانان دەدرێت و كەمبوونەوەی بڕەكەش پەیوەندیی بە زیادبوونی ژمارەی سوودمەندانەوە هەیە لە هاوكارییەكە.
جەختی کردەوە، کە لەلایەن هاوپەیمانانەوە ئەوە دووپات کراوەتەوە کە هاوكاریی دارایی بۆ پێشمەرگە بەردەوام دەبێت.